بەرزبوونەوەی ژمارەی لەسێدارەدراوانی بەندیخانەی ئیلام بۆ ٢ کەس/ جێبەجێکردنی سزای سێدارەی خوداداد محەممەدی، مامۆستای خانەنشینکراو

٣٠ گەلاوێژ ٢٧٢٦، ١٠:٢٥

هەنگاو؛ هەینی ٣٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٦

سزای سێدارەی مامۆستایەکی خانەنشینکراوی کورد بە ناوی خوداداد محەممەدی، خەڵکی شاری ئەیوان، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ (١٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی خوداداد محەممەدی، باوکی پێنج منداڵ و خەڵکی شاری ئەیوان، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کراوە.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ناوبراو نزیکەی دوو ساڵ پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی ئەنقەست»ی زاواکەی دەستبەسەرکرابوو و دواتر لەلایەن دادگای تاوانەکانی پارێزگای ئیلامەوە سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو.

بە ئەژمارکردنی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دونیا محەممەدیی تەمەن ٢٠ ساڵ لە هەمان ڕۆژدا، ژمارەی لەسێدارەدراوانی ڕۆژی چوارشەممە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام بۆ لانی کەم ٢ کەس بەرز بووەوە.

لەسیێدارەدانی ئەم دوو بەندکراوە تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی ناوخۆی ئێران یان دامەزراوەکانی بەستراوە بە دەزگای دادوەرییەوە ڕانەگەیەندراوە.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە