ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکردنی سزای سێدارەی سێ بەندکراو لەوانە ژنێک لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج
هەنگاو؛ یەکشەممە ١ی خەرمانانی ٢٧٢٦
سزای سێدارەی سێ بەندکراو لەوانە بەندکراوێکی کورد و ژنێک بە ناوەکانی سەجاد شێرزادی و فەرشاد سەفەری کە پێشتر بە تۆمەتی «قەتڵی ئەنقەست» لە دۆسیەی جیاوازدا لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە سێدارە مەحکووم کرابوون، لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١ی خەرمانانی ٢٧٢٦ (٢٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی ژنێک لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی حکوومەتیی ڕووکنا، ئەم بەندکراوە ساڵی ٢٧٢٣ بە تۆمەتی ڕفاندن و کوشتنی کچێکی حەوت ساڵان بە ناوی فاتیما زەهرا دەستبەسەرکرا و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە سێدارە و دە ساڵ بەندکردن مەحکووم کرابوو. ناوبراو پێشتر لە یەکێک لە یەکەکانی ئەو باڵەخانەیەی کە بنەماڵەی مەقتوولی لێ دەژیا، نیشتەجێ بوو.
هەروەها، بەرەبەیانی چوارشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ (١٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی فەرشاد سەفەری، خەڵکی هەشتگردی پارێزگای ئەلبۆرز خێزاندار و باوکی کچێکی حەوت ساڵان، لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا.
ناوبراو پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی «قەتڵی ئەنقەست» دەستبەسەرکرابوو و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو.
هەروەها، لە ڕێکەوتی ٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٦دا (٢٣ی ئەپریلی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی سەجاد شێرزادی، بەندکراوی تەمەن ٣٠ ساڵی کوردی خەڵکی کرماشان و باوکی دوو منداڵی ساوا، لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرابوو.
ناوبراو چوار ساڵ پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەستی هێزێکی حکومەتی بە چەکی دەمانچە دەستبەسەرکرابوو و بە سێدارە مەحکووم کرابوو. هەواڵی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە بە هۆی پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران، ئێستا و دوای نزیکەی چوار مانگ لەلایەن هەنگاوەوە بڵاو دەکرێتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی سێدارەدانی سەجاد شێرزادی و فەرشاد سەفەری لە ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکان بەتایبەت ڕاگەیاندنەکانی بەستراوە بە دەزگای دادوەرییەوە ڕانەگەیەندراوە.