ڕاپۆرتێک لەسەر باروودۆخی کەماڵ شەریفی، بەندکراوی سیاسی کورد هاوکات لەگەڵ دەستپێکی هەژدەیەمین ساڵی بەندکرانی لە بەندیخانەی میناب

٥ جۆزەردان ٢٧٢٥، ٢٠:١٣

هەنگاو؛ دووشەممە ٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٥

کەماڵ شەریفی ڕۆژنامەنووس و بەندکراوی سیاسی کورد کە هەژدەیەمین ساڵی بەندکرانی لە بەندیخانەی ناوەندیی میناب سەر بە پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران دەسپێکردووە، تا ئێستا لە سەرەتاییترین مافی یاسایی خۆی کە بریتین لە چاوپێکەوتنی بنەماڵە، مافی مەرەخەسی و مافی مرەخەسی دەرمانی بێبەشە. باروودۆخی تەندروستی ناوبراو بە هۆی ئەشکەنجە، جەڵتەی دڵ و مێشک و نەخۆشینی دیکە نالەبارە.

بەگوێرەی دوایین زانیارییەکان کە گەیشتووە دەستی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو هەموو ئەو داواکارییانەی کە بۆ چوونە مەرەخەسی دەرمانی گواستنەوەی کەماڵ شەریفی بۆ نەخۆشخانە کرابوون لەلایەن ناوەندەکانی بەپرسی بەندیخانەوە ڕەد کراونەتەوە.

تاکە هەوڵێک کە بۆ وڵامدانەوەی داواکارییە بەردەوامەکانی کەماڵ شەریفی بۆ چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی لەلایەن ناوەندی بەندیخانەوە وڵام دراوەتەوە، پەیوەندییەکی ویدیۆیی لەگەڵ دایکی بووە کە ژێر کۆنترۆڵی تەواوەتی بەرپرسانی ئەمنییەتی دا ئەنجام دراوە.

دەستبەسەرکرانی کەماڵ شەریفی

کەماڵ شەریفی تەمەن ٥٣ ساڵ، خەڵکی سەقز، ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی کورد کە لەڕێکەوتی ٤ی جۆزەردانی ٢٧٠٨ (٢٥ی مەی ٢٠٠٨) لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران دەستبەسەر و بە چاو و دەست و پێ بەستراوی بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە گواسترایەوە.

ناوبراو پێشتر لە ساڵەکانی ٢٦٨٩ و ٢٦٩٠ ی کورد بە هۆی پاڵپشتی و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن دادگای شۆرشی سەقزەوە سزای دوو ساڵ بەندکران و ٤٠ جار لیدان بە قامچی بەسەردا سەپێندرا.

 ڕەوتی نادادپەروەرانەی دانیشتینی دادگا و دوورخستنەوە

کەماڵ شەریفی لە سەرەتایی دەستبەسەرکردنیدا لەژێر نامرۆڤانەترین ئەشکەنجەکان و رەفتاری وەحشیانە بە مەبەستی دانپێدانی زۆرە ملێ بووە و هەروەها دوای ٦ مانگ ئەشکەنجە و دەستبەسەری لە ژووری تاکەکەسی لە دادگایەکی پێنج دەقەییدا لە لقی یەکی دادگای شۆرشی سەقز و بە بەرپرسیارەتی قازی شایق بە تۆمەتی "موحاربە لە رێگەی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکرات" سزای ٣٠ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی مینابی بەسەردا سەپێندرا.

کەماڵ شەریفی لە وەسفی ڕەوتی نادادپەروەرانەی دانیشتنی دادگاکەی ئاوا دەدوێت:

"کاتێک سڵاوم لە پارێزەکەم کرد دادوەرەک ئیزنی وڵامدانەوەی سڵاوەکەمی پێ نەدا"

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٠٩ (١٢ی مەی ٢٠٠٩) گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی میناب و لەو کاتەوە لە ژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە هەموو مافێکی یاسایی و ئینسانی خۆی وەکوو چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی و مافی مرەخەسی بێبەرییە.

کەماڵ شەریفی تەنیا جارێک لە ماوەی ١٨ ساڵ بەندکرانیدا توانیویەتی مافی چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەی هەبێت، ئەویش لە دوای ٤٨ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن و لەژێر چاوەدێری ناوەندە ئەمنییەکان لەگەڵ دایکی و براکەی بۆ چەند خولەک دیداری کردووە. بە پێی وتەکانی کەماڵ شەریفی لەو دیدارەدا ئیزنی قسەکردن بە زمانی کوردی لەگەڵ دایکی پێنەدراوە.

ئەشکەنجە و باروودۆخی نامرۆڤانەی بەندیخانە

کەماڵ شەریفی لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و رۆحیدا بووە، ئەم ئەشکەنجانە بریتی بوون لە ئەشکەنجە بە شۆکێری کارەبایی و باتووم کە بووەتە هۆی شکانی ددان و برینداربوونی جوومگەکان و کێشەی هاتووچووکردنی بۆ دروست کردووە.

کەماڵ شەریفی لە نامەیەکدا کە ساڵی ٢٧١ کە بۆ یەکەم جار لەلایەن هەنگاو بڵاو بوویەوە دەڵێت:" زیاتر لە ٢٠ جار داواکاری مەرەخەسی بەشێوەی نوسراوە ناردووە بۆ داواکاری گستی و بەرپرسانی دادوەری هورموزگان و کوردستان، بەڵام تا ئێستا هیچ وڵامێکم وەرنەگرتووە.

کەماڵ لە ئێستا لە بەندی بەندکراوانی تۆمەتی مەترسیدار لە بەندیخانەی میناب ڕاگیراوە و لە کاتێکدا هاوکات لەگەڵ گوشاری جەستەیی و رۆحی لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری پزیشکی بێبەشە.

بارودۆخی نالەباری تەندروستی

ئەم بەندکراوە سیاسییە تا ئێستا لانیکەم دوو جار تووشی جەڵتە بووە:

ساڵی ٢٧١٢ (٢٠١٢)لە دوای مانگرتنێکی درێژ ماوە  تووشی جەڵتەی مێشک بوو کە بووە هۆی فەلەجبوونی لای ڕاستی جەستەی.

ساڵی ٢٧٢١ (٢٠٢١) تووشی جەڵتەی دڵ بوو لە نەخۆشخانەی بەندەر عەباس نەشتەرگەری بۆ کرا.

لەگەڵ باروودۆخی نالەباری تەندروستی تا ئێستا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری پزیشکی بێبەشە.

پێشێلکرانی ئاشکرای مافە نێودەوڵەتییەکان

دەستبەسەرکران، رەوتی دادگاییکردن، دورخستنەوە و بارودۆخی ڕاگرتنی کەماڵ شەریفی لە بەندیخانە، نموونەی ئاشکرای پێشێلکاری بنەمای مافی مرۆڤە، ئەم مادانەی خوارەوە لەگەڵ پەیماننانەی مافی مەدەنی و سیاسی ناتەبایە:

مادەی ٧: پەیماننامەی مافی مەدەنی و سیاسی (قەدەغەکردنی ئەشکەنجە)

مادەی ١٠: هەڵسووکەوتی مرۆڤانە لەگەڵ بەندکراو

مادەی ١٤: مافی دادگاییکران بە شێوەی دادپەروەرانە

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هاوکات لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانی قووڵی خۆی لە سەر بارودۆخی جەستەیی و ڕەوانی کەماڵ شەریفی، دوپاتی دەکاتەوە پێویستە ناوەندە نیودەوڵەتییەکان هەوڵی جدی و بەپەلە بدەن بۆ پێراگەیشتن بە بارودۆخی ئەم بەندکراوی سیاسییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە