ڕاپۆرتی تایبەتی هەنگاو لەسەر شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکان لە دەستپێکی شەڕەوە؛ لانی کەم ١٧٠٠ هاووڵاتی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون

٦ خاکەلێوە ٢٧٢٦، ١٧:٠٠

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦

لەگەڵ دەسپێکی خولێکی نوێی شەڕ لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥، ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیان کردووە بە دەستبەسەرکردنی نایاسایی و بەرفراوانی هاووڵاتییان، چالاکانی مەدەنی و بنەماڵە دادخوازەکان لە سەرانسەری ئێران. زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە لە سەرەتای شەڕەوە لانی کەم ١٧٠٠ کەس لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەرکراون.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی نێوان ڕۆژانی ٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ هەتا ٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦، دەزگا ئەمنییەکان لەوانە ئیتلاعاتی سوپا، وەزارەتی ئیتلاعات و فراجا، بە قۆستنەوەی دۆخی شەڕ، کەشێکی ئەمنیی توندیان بەسەر شارەکاندا سەپاندووە و بەبێ نواندنی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی، دەستیان داوەتە دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی هاووڵاتییان. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانی کەم ١٧٠٠ هاووڵاتی لەلایەن ئەم ناوەندانەوە ڕفێندراون یان دەستبەسەر کراون کە تا ئێستا ناسنامەی ٧٠ کەسیان بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە.

 

تۆمەتە داتاشراوەکان و گوشار بۆ سەر دەستبەسەرکراوان

دەزگای دادوەری و ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەو تۆمەتانەیان کە خستوویانەتە پاڵ دەستبەسەرکراوان، بەم شێوەیە پۆلین کردووە؛

 ١. سیخوڕی: وێنەگرتن لە ناوەندە هەستیارەکان، ناردنی هەڵکەوتەی شوێنە سەربازی و هاوکاری لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان لەوانە مۆسادی ئیسرائیل. 

٢. هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی: ڕاگرتنی چەک، کەرەستەی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد (ستارلینک)، هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوە و تێکهەڵچوونی چەکداری.

 ٣. چالاکی میدیایی: پەیوەندی لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵات و شێواندنی ئاسایشی دەروونیی کۆمەڵگە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.

 

دەستبەسەرکردنی زیاتر لە ٣٠٠ هاووڵاتیی کورد لە ڕەوتی شەڕی ئەمدواییەدا

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، لە سەرەتای دەسپێکی شەڕەکەوە تا ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی خاکەلێوە (٢٧ ڕۆژ)، لانی کەم ٣٠٠ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە، ئورمیە و هەروەها تاران لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون. هەنگاو تا ئێستا توانیویەتی ناسنامەی تەواوی ٢٥ کەس لەو هاووڵاتییە کوردانە پشتڕاست بکاتەوە.

 

بێبەشكران لە مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە هاوکات لەگەڵ دەسپێکی تێکهەڵچوونە سەربازییەکان، دەوڵەتی ئێران بە سەپاندنی سنوورداریی توند و پچڕاندنی بەرفراوانی هێڵی ئینتەرنێت، بەکردەوە ڕێگریی لە چاودێریی ناوەندە مافی مرۆڤییەکان و کۆمەڵگەی جیهانی کردووە. ئەم دۆخی «بێسەروشوێنییە ڕەهایە»، ئەگەری مەترسییەکانی سەر دەستبەسەرکراوانی زیاد کردووە و نیگەرانییەکان لەسەر ڕوودانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجەی ڕێکخراو گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی.

هەروەها هەر لە ڕۆژانی سەرەتای شەڕەکەوە، دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی هاوکارییە بەردەوامەکانی لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەکان، دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێی ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوان. ئەم وێنانە کە لە مەرجی دەستبەسەرگەی تاکەکەسی و لەژێر گوشاری توندی دەروونی و جەستەییدا تۆمار کراون، هیچ بایەخێکی یاساییان نییە و پێشێلکردنی ڕاشکاوانەی ماددەی ١٤ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە.

هەنگاو نیگەرانیی قووڵی خۆی سەبارەت بە تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنی ئەم کەسانە دەردەبڕێت. بەکارهێنانی دەستبەسەرکراوان وەک «قەڵغانی مرۆیی» لە ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکاندا کە ئامانجی هێرشەکانن، نموونەی بەرچاوی تاوانی جەنگی و پێشێلکردنی ڕاشکاوانەی کۆنفرانسی ژنێڤە. هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی دەستبەسەرگەی شارامفەر و دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە، ژمارەیەک لە هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوەکان بریندار کراون.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە