ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر جێگیربوونی هێزە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارە جیاوازەکاندا

١٨ خاکەلێوە ٢٧٢٦، ٢٣:٤٧

هەنگاو؛ سێشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦

بەپێی ڕاپۆرتە مەیدانییەکانی هەنگاو لەلایەن سەرچاوە باوەرپێکراوەکانەوە و هەروەها بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک ڤیدیۆی بڵاوکراوە لە میدیا حکومەتییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە دوای تێپەڕبوونی سی ڕۆژ بەسەر شەڕی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، ئامادەبوونی ئاشکرا و جێگیربوونی بەربڵاوی هێزە نیابەتییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارە جیاوازەکاندا، بەتایبەت لە شارە سنوورییەکانی ناوچەکانی کوردستان، سیستان و بەلووچستان و خوزستان، و ئێستا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

ئامادەبوونی هێزە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێستادا لە چوارچێوەی مانۆڕی سەربازی و جێگیربوون لە شوێنە گشتییەکانی شارەکاندا ئەنجام دەدرێت، بە جۆرێک کە بەشێکە لە ستراتیژیی ئەمنیی حکومەت بۆ دروستکردنی کەشێکی ترس و تۆقاندن.

ئەم هێزە نیابەتییانە کە بە ناوی «زەینەبیوون»، «فاتێمییوون» و هێزەکانی «حەشدی شەعبی» ناسراون، لە بنەڕەتدا هاووڵاتییانی وڵاتانی دراوسێی ئێران واتە پاکیستان، ئەفغانیستان و عێراقن و لە دۆخی ئێستادا لە پارێزگاکانی وەک سیستان و بەلووچستان، خوزستان، خوراسانی ڕەزەوی، تاران و شارە سنوورییەکانی ناوچەکانی کوردستان بینراون.

 

جێگیربوونی هێزەکانی زەینەبیوون لە سیستان و بەلووچستان

هێزەکانی سەر بە لەشکری «زەینەبیوون» لە شارە جیاوازەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان لەوانە زاهیدان، زابول و چابەهار بینراون. ئەم هێزانە بە شێوەی چەکداری و بە هەڵگرتنی ئاڵاکانی سەر بەم لەشکرە لە شەقامەکاندا دەستیان داوەتە ڕێپێوان و نیشاندانی هێز.

لە هەندێک لەو وێنانەی کە لەلایەن میدیا و ئاژانسە هەواڵییەکانی سەر بە سوپای پاسدارانەوە بڵاوکراونەتەوە، ئامادەبوونی منداڵانێک کە چەکیان بەدەستەوەیە دەبینرێت. هەروەها ئەم هێزانە لە هەندێک حاڵەتدا وێنەی کەسایەتییە حکومەتییەکانیان بەدەستەوە بووە و دروشمیان لە پشتگیریی کۆماری ئیسلامیی ئێران داوە.
 

جێگیربوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە شارەکانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان

لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ناوچە و شارە سنوورییەکانی کوردستان، بەتایبەت کرماشان، ڕوانسەر، جوانڕۆ و مەریوان، هێزەکانی حەشدی شەعبی چالاکییان هەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان لە مەریوانەوە، بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی «حەشدی شەعبی»ی عێراق چوونەتە ناو مەریوان و لە مزگەوت و هۆڵە وەرزشییەکاندا نیشتەجێ کراون.

هاوکات لەگەڵ جێگیربوونی هێزە نیابەتییەکان لە ناو شاردا، مەریوان باری میلیتاریزەی بەخۆوە گرتووە و دەیان تانک و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش بۆ نزیک سەربازگەکان لەوانە لە گوندە سنوورییەکانی ئەسکۆڵ و سیاناو، گواستراونەتەوە.

هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڤیدیۆی ئامادەبوونی ئەم هێزانە لە ڕوانسەر بڵاوکراوەتەوە کە نیشاندەری ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازییە بە مەبەستی دروستکردنی ترس و تۆقاندن لە نێوان خەڵکدا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە هاتووچۆی ئەم هێزانە لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی خەسرەوی، سوومار و مێهرانەوە ئەنجام دەدرێت.

لە هەمان پێوەندیدا، پارێزگای کرماشان لە ساڵانی ڕابردووشدا یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی مەشق و ڕاهێنان و جێگیربوونی ئەم هێزانە بووە و قەرارگای ڕەمەزان و سەربازگەی سادقییە لەو شوێنانەن کە وەک شوێنی مەشقی سەربازی و نیشتەجێکردنی ئەم گرووپانە بەکارهێنراون.
 

جووڵەی هێزە نیابەتییەکان لە تاران، خوزستان و خوراسانی ڕەزەوی

لە تاران-یش ڤیدیۆی هاتنی کاروانی هێزەکانی فاتێمییوون و حەشدی شەعبی بڵاوکراوەتەوە. ئەم هێزانە لە هەندێک ناوچەی تاران لەوانە دەوروبەری مەیدانی ئازادی دەستیان داوەتە ڕێپێوان . هەروەها لە بازگە پشکنینەکانی ئەم شارەدا هەندێک لە ئەندامانی چەکداری لەشکری فاتیمیون نیشتەجێ کراون.

وێنە بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نیشانی دەدەن کە هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی بە تێپەڕبوون لە سنووری ئێران و عێراق چوونەتە ناو شارەکانی پارێزگای خوزستان لەوانە ئەهواز، ئابادان و خوڕەمشار و لە کاتی هاتنیاندا لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە پێشوازییان لێکراوە.

ئامادەبوونی ئەم هێزانە تەنیا لە تاران و خوزستان سنووردار نەبووە و ڕاپۆرتگەلێکیش لەسەر جێگیربوونیان لە مەشھەد بڵاوکراوەتەوە؛ بە جۆرێک کە سەرچاوە ئاگادارەکان لە ئامادەبوونی هێزەکانی فاتێمیوون لە سنووری بلواری وەکیل ئاباد و بەشداریکردنیان لە چالاکییە ئەمنییەکاندا لە تەنیشت هێزەکانی بەسیج هەواڵیان داوە.

 

هۆشداریی هەنگاو سەبارەت بە ئامادەبوونی ئەم هێزانە لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە ئامادەبوونی ئەم هێزانە تەنیا لایەنی سەربازیی نییە و بەشێکە لە ستراتیژییەکی ئەمنیی بەربڵاوتری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانە ئەگەرییەکانی خەڵک، دروستکردنی کەشێکی ترس و تۆقاندن، و سنووردارکردنی هەر جۆرە جووڵەیەکی کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتی.

پێشتریش ڕاپۆرتی بەڵگەنامەیی لەسەر ئامادەبوونی ئەم هێزانە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» بڵاوکرابووەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو سەبارەت بە پەرەسەندنی ئامادەبوونی هێزە نیابەتییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوخۆی ئێراندا هۆشداری دەدات و ئەم ڕەوتە وەک نیشانەیەک بۆ توندکردنەوەی سیاسەتە ئەمنی و سەرکوتکارانەکان دژی هاووڵاتییان هەڵدەسەنگێنێت. ئامادەبوونی نایاساییی ئەم هێزانە لە ئاستی شارەکاندا، مەترسیی زیادبوونی توندوتیژی، پێشێلکاریی بەربڵاوتری مافەکانی مرۆڤ و دروستکردنی کەشێکی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگەدا بە شێوەیەکی جددی زیاد دەکات.

 

تۆڕی هێزە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران

ئێران، کە بە «میحوەری موقاومەت» ناسراون، گرووپگەلێکی وەک حەشدی شەعبی لە عێراق، زەینەبیوون لە پاکیستان و فاتیمیون کە لە هاووڵاتییانی ئەفغانستانی نیشتەجێی ئێران پێکهاتووە، گرووپە میلیشایی و دەرەوەی یاساکان لە لوبنان و یەمەن دەگرێتەوە. ئەم گرووپانە پشتگیریی داراییی سوپای پاسدارانیان لە پشتە و زۆربەیان شیعە و لایەنگری کۆماری ئیسلامین.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە