ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر بەردەوامیی هێرشە هاژەکی و درۆنییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر کەمپەکانی حیزبە کوردستانییەکان؛ ١٨ هێرش دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست
هەنگاو؛ هەینی ٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
سەرەڕای جێگیربوونی ئاگربەست لە نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، سوپای پاسداران و گرووپە نیابەتییەکانی سەر بەو وڵاتە لە عێراق، بەردەوامییان داوە بە هێرشە سیستماتیکەکانیان بۆ سەر ئۆردوگا و بنکەکانی حیزبە کوردستانییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان. ئەم هێرشانە لە ماوەی ١٦ ڕۆژی ڕابردوودا بوونەتە هۆی گیانبەختکردنی ٤ هاووڵاتی و برینداربوونی لانی کەم ٩ هاووڵاتیی دیکە.
بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە کاتی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل (١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦) تا ئەمڕۆ هەینی ٤ی بانەمەڕ، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە چەکدارە نیابەتییەکانی لە عێراق، لانی کەم ١٨ جار کەمپەکانی حیزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتیان لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانجی هێرشی هاژەکی و درۆنە خۆکوژەکان.
وردەکاریی زیانە مرۆییەکانی ئەم هێرشانە:
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، ئەم هێرشانە کە بە شێوەیەکی دیاریکراو شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکان و کەمپە مەدەنییەکانی کردووەتە ئامانج، ئەم زیانانەی لێ کەوتووەتەوە:
لانی کەم ٤ کەس گیانیان بەختکردووە کە ناسنامەیان بریتین لە: ٣ ژنە پێشمەرگە بە ناوەکانی غەزال مەولان ئەندامی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، نەدا میری و سەمیرا ئەڵڵایاری و مێردمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی شاهین ئازەربەرزین کە هەر سێیان ئەندام و پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوون.
هەروەها لانی کەم ٩ پێشمەرگە لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا بە توندی بریندار بوون و ڕەوانەی ناوەندە تەندروستییەکان کراون، کە باری تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ١٦ ڕۆژی ڕابردوودا کەمپ و بنکەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لانی کەم ٧ جار، کەمپەکانی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) هەر کامەیان ٤ جار، کەمپەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ٢ جار و کەمپی کۆمەڵەی ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لانی کەم جارێک کراونەتە ئامانجی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
جێی ئاماژەیە کە لە ماوەی شەڕی ٤٠ ڕۆژەشدا، کەمپ و بنکەکانی ئەم حیزبانە لانی کەم ١٦٧ جار هێرشیان کراوەتە سەر، کە بووە هۆی گیانبەختکردنی ٥ پێشمەرگە و برینداربوونی ٣٠ پێشمەرگەی دیکە.
پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی هەرێمی کوردستان:
هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئێران-ئیسرائیل و ئەمریکا، ئامێری جەنگیی کۆماری ئیسلامی نەک هەر هێرشەکانی بۆ سەر حیزبە کوردستانییەکان ڕانەگرتووە، بەڵکوو بە بەکارهێنانی گرووپە نیابەتییەکان لە عێراق، بازنەی ئەم هێرشانەی فراوانتر کردووە. هێرشگەلێک کە نەک تەنیا درێژەی سیاسەتی شەڕانگێزیی ناوچەیی کۆماری ئیسلامییە، بەڵکوو بە ڕوونی بەردەوامیی سیاسەتەکانی کوردکوشتن و تۆڵەسەندنەوەیە لێیان.
ئەم کارانە هێمای بەرچاوی پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانیی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەروەها پێشێلکردنی ڕاشکاوی کۆنڤانسیۆنە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی لە ناوچە جەنگییەکانە. بۆردومانی ئامانجدار بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکان و کوشتنی مێردمنداڵێکی ١٧ ساڵان، جارێکی دیکە بێباکی و بێڕێزیی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە یاسا مرۆییەکان و مافەکانی مرۆڤ دەسەلمێنێتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای شەرمەزارکردنی بەردەوامیی ئەم هێرشانە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، حکوومەتی ناوەندیی عێراق و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە لە ئاست پێشێلکردنی بەردەوامی سەروەریی هەرێمی کوردستان و کوشتاری هاووڵاتییانی مەدەنی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بێدەنگ نەبن و بڕیاری خێرا و جیدی بۆ ڕاگرتنی ئەم دەستدرێژییە سەربازییانە بدەن.
لە ڕوانگەی هەنگاوەوە، هیچ ئاشتییەکی بەردەوام بەبێ هەنگاوی جیدی دژ بەم جۆرە هێرشانە جێگیر نابێت.