حەوتەمین ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر شەڕ؛ کوژرانی ٦٥٣٠ کەس لەوانە ٦٤٠ کەسی سڤیل لە ٢٥ ڕۆژی یەکەمی شەڕدا
هەنگاو؛ سێشەممە ٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦
هاوکات لەگەڵ بیست و پێنجەمین ڕۆژی شەڕی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی توند لە زیادبوونی ژمارەی قوربانییانی سڤیل، حەوتەمین ڕاپۆرتی خۆی بڵاو دەکاتەوە. بەپێی ئامارە پشتڕاستکراوەکان لەلایەن ناوەندی بەڵگەنامەکانی هەنگاو، تا کۆتاییی ڕۆژی بیست و پێنجەمی شەڕ لانی کەم ٦٥٣٠ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٩.٨٪ی ئەوانە پێکهاتوون لە ٦٤٠ هاووڵاتیی سڤیل و پێنج هەزار و ٨٩٠ کەسیش لە هێزە سەربازییەکانی ئێرانن.
جیاکاریی زیانەکان و پانتاییی جوگرافیی هێرشەکان بۆ سەر ناوەندە سەربازی و حکومەتییەکان
بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە مەیدانییەکانی هەنگاو، لە ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ تا ڕۆژی سێشەممە ٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦، لانی کەم لە ١٨٦ شاری ٢٦ پارێزگای ئێران، ناوەندە سەربازی و حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانی و موشەکییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا.
ئەم ئامانجانە پێکهاتوون لە بنکەکانی سوپای پاسداران، ناوەندەکانی بەسیج، فڕۆکەخانە سەربازییەکان، سایتە موشەکییەکان، بنکەکانی پۆلیس، دامەزراوە دادوەرییەکان، ناوەندەکانی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعات، سەربازگەکانی سوپا و بارەگاکانی یەکەی تایبەت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە هەنگاو کۆکراونەتەوە، تا ئێستا پێنج هەزار و ٨٩٠ سەربازی حکومەتی کوژراون کە زۆربەی ئەم قوربانییانە لە هێزی ئاسمانی، سوپای پاسداران و هەروەها ئەرتەش بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زۆرترین زیانی هێزە سەربازییەکان لە پارێزگاکانی تاران، کرماشان، هورمزگان، ئەلبورز، خوزستان، کوردستان و سیستان و بەلووچستان تۆمار کراوە.
هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بە پەیڕەوکردنی ڕێکاری «شاردنەوەی سیستماتیک»، لە بڵاوکردنەوەی ئاماری ڕاستەقینەی کوژراوەکان خۆیان دەپارێزن و لە کاتە دەگمەنەکاندا، ئامارێکی زۆر کەمتر لە ڕاستییە مەیدانییەکان دەخەنە ڕوو.
کوژرانی لانی کەم ٦٤٠ کەسی سڤیل لە ٢٥ ڕۆژی یەکەمی شەڕدا
هەنگاو پشتڕاستی دەکاتەوە کە زۆرترین ئاماری گیانلەدەستدانی مەدەنی و سڤیل لە پارێزگاکانی تاران، هورمزگان، کرماشان، فارس، ئەلبورز، ئیلام، مەرکەزی و لوڕستان تۆمار کراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە تا ئێستا ٦٤٠ کەسی سڤیل لە کاتی ئەم هێرشانەدا کوژراون کە دەکاتە ٩.٨٪ی کۆی قوربانییەکان.
لە کۆی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی کوژراون، هەنگاو کوژرانی ١٣٠ منداڵی خوار ١٨ ساڵ و هەروەها ١٧٣ ژن پشتڕاست دەکاتەوە. شایانی باسە کە میدیا حکومەتییەکان و هەروەها بەرپرسانی فەرمیی ئێران پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە لە قوتابخانەی میناب ١٦٧ منداڵ کوژراون. بەڵام تا ئێستا و دوای تێپەڕبوونی ٢٥ ڕۆژ، تەنیا ناسنامەی ٥٨ کەس لە قوربانییانی ئەم قوتابخانەیە ڕوون بووەتەوە کە ٤٨ کەسیان منداڵ و ١٠ کەسیشیان گەورەساڵن.
هەنگاو چەندین ڕاپۆرتی پێگەیشتووە کە نیشانی دەدەن هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی، بە جێهێشتنی بنکە فەرمییەکان، لە شوێنە گشتی و نەسەربازییەکان لەوانە قوتابخانەکان، بەشەناوخۆیییەکانی خوێندکاران و مزگەوتەکان کە لە ناوچە نیشتەجێبوونەکاندان جێگیر بوون. ئەم هەنگاوە، بەپێی کۆنڤانسیۆنی ژنێڤ، وەک بەکارهێنانی «قەڵغانی مرۆیی» هەژمار دەکرێت و گیانی کەسانی سڤیلی بە توندی خستووەتە مەترسی.
زیانی زۆری هێزە حکومەتییەکان لە کوردستان و شاردنەوەی ئامارەکان
لە ٢٥ ڕۆژی یەکەمی شەڕدا هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر شوێنە سەربازی و حکومەتییەکان بە توندی ئەنجام دراوە و لە ٣٥ شاری پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئورمیە، لانی کەم ٢٤٢ بنکەی سەربازی و ناوەندی ئەمنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراونەتە ئامانج.
بەدواداچوونەکانی هەنگاو نیشانی دەدەن کە لە ماوەی ٢٥ ڕۆژی یەکەمی شەڕدا لانی کەم ١٥١٠ کەس لە هێزە سەربازی و حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم چوار پارێزگایەدا کوژراون.
هەروەها لانی کەم ٩٨ هاووڵاتیی سڤیل لە کاتی ئەم هێرشانەدا کوژراون کە زۆربەیان لە شارەکانی ئورمیە، سنە، دیواندەرە، ئەیوان غەرب، ئیلام، نەغەدە، بۆکان و کرماشان تۆمار کراون.
هەنگاو لە ڕاپۆرتی پێشووی خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە دامەزراوە ئەمنییەکان لە ڕاگەیاندنی ئاماری وردی کوژراوە سەربازییەکان، بەتایبەت لە شارەکانی کوردستان، خۆ دەپارێزن و ئامارەکە زۆر کەمترە لە ڕاستی بڵاو دەکەنەوە. هەنگاو جەخت لەسەر پێویستیی شەفافیەت لە ڕاگەیاندنی ناسنامەی قوربانییەکان و پاراستنی گیانی کەسانی سڤیل لە ململانێ چەکدارییەکاندا بەپێی کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە.
داواکاریی هەنگاو
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە جەختکردنەوە لەسەر کۆنڤانسیۆنی چوارەمی ژنێڤ سەبارەت بە پاراستنی کەسانی سڤیل لە کاتی شەڕدا، ڕادەگەیەنێت کە لایەنە شەڕکەرەکان پابەندن بە جیاکردنەوە لە نێوان ئامانجە سەربازی و مەدەنییەکاندا.
هەنگاو لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە چاودێرەکانی مافی مرۆڤ، داوا دەکات بە گوشار خستنە سەر لایەنەکانی شەڕ و چاودێریی تایبەت لەسەر سیاسەتەکانی شاردنەوەی کۆماری ئیسلامی، میکانیزمەکانی پاراستن بۆ پاراستنی گیانی کەسانی سڤیل دەستبەجێ چالاک بکەن.