دەیەمین ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر شەڕ؛ کوژرانی ٧٦٥٠ کەس لەوانە هەزار و ٣٠ کەسی سڤیل لە ماوەی شەڕی ئەمدوایییەدا

١٩ خاکەلێوە ٢٧٢٦، ٢٠:٣٥

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦

بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی چلەمین ڕۆژی شەڕی نێوان ئێران - ئەمریکا و ئیسرائیل، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتی کۆتاییی خۆی لەسەر ئەم ململانێ ٤٠ ڕۆژەیە کە چلەمین ڕۆژی تەنیا چەند کاتژمێرێکی خایاند و بە ئاگربەست کۆتایی هات، بڵاو دەکاتەوە. بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لەلایەن هەنگاوەوە کۆکراونەتەوە، لە ماوەی شەڕی ئەمدوایییەدا لانی کەم ٧ هەزار و ٦٥٠ کەس کوژراون کە هەزار و ٣٠ کەسیان واتە ١٣.٥٪یان هاووڵاتییانی سڤیل بوون. هەروەها لانی کەم ١٤ بەندکراوی سیاسی لەسێدارە دراون، کەسێک لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە و زیاتر لە ٢٧٠٠ هاووڵاتی دەستبەسەر کراون.

ئەم شەڕە چل ڕۆژەیە بەیانیی ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ بە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر زیاتر لە ١٠ پارێزگای ئێران و کوژرانی دەیان فەرماندەی سەربازی و حکومەتی لەوانە عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی پێکرد و لە کاتژمێرە سەرەتایییەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ و هاوکات لەگەڵ کاتژمێرە یەکەمەکانی چلەمین ڕۆژی خۆی کۆتایی هات.

 

کوژرانی لانی کەم هەزار و ٣٠ هاووڵاتیی سڤیل لە ماوەی شەڕی ئەمدوایییەدا

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو پشتڕاستی دەکاتەوە کە لە ماوەی ئەم شەڕە ٤٠ ڕۆژەیەدا، لانی کەم ١٠٣٠ کەس لە هاووڵاتییانی سڤیل و دانیشتووانی مەدەنی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانی و موشەکییەکانی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا گیانیان لەدەستداوە. بەپێی بەڵگەنامە بەردەستەکان، ئەم ژمارەیە دەکاتە ١٣.٥٪ی کۆی قوربانییانی مرۆیی کە لە سەرانسەری ئێراندا تۆمار کراون.

ئەو ئامارانەی کە لەلایەن هەنگاوەوە پشتڕاست کراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە لە نێوان قوربانییانی ئەم شەڕەدا، لانی کەم ١٨٩ منداڵ و قوتابیی تەمەن خوار ١٨ ساڵ و شیاوی پاراستنی تایبەت و لانی کەم ٢١٥ ژن ناسراونەتەوە. ئەم ژمارانە نیشاندەری ڕادەی ئەو زیانانەن کە بە دانیشتووانی سڤیل گەیشتووە لە ئەنجامی هێرشە سەربازییەکاندا.

هەروەها، لە پارێزگاکانی تاران، هۆرمزگان، لوڕستان، ئەلبورز، فارس و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات زۆرترین ئاماری کوژرانی کەسانی سڤیل تۆمار کراوە.

شایانی باسە لەگەڵ کۆتاییهاتنی شەڕ و دوای چل ڕۆژ، تا ئێستا ناسنامەی ٤٨ کەس لە قوتابیانی قوتابخانەی سەرەتاییی شاری میناب لە پارێزگای هۆرموزگان پشتڕاست کراوەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر، ناوەندە فەرمییەکان و دامەزراوە حکومەتییە پێوەندیدارەکان، ئاماری قوربانییانی قوتابیانی ئەم قوتابخانەیەیان بە ١٢٠ کەس ڕاگەیاندبوو.

هەنگاو لە ماوەی شەڕەکەدا چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە، هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی بە جێهێشتنی بنکە فەرمییەکان، لە شوێنە گشتی و ناسەربازییەکان وەک قوتابخانەکان، بەشەناوخۆیییەکانی قوتابیان و مزگەوتەکان نیشتەجێ بوون کە لە چوارچێوەی گەڕەکە نیشتەجێبووەکاندا هەڵکەوتوون. ئەم کارە، بەپێی کۆنڤانسیۆنەکانی ژنێڤ، وەک بەکارهێنانی «قەڵغانی مرۆیی» هەژمار دەکرێت و گیانی کەسانی سڤیلی خستووەتە مەترسییەوە.
 

جیاکاریی زیانەکان و پانتاییی جوگرافیی هێرشەکان بۆ سەر ناوەندە سەربازی و حکومەتییەکان

بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە مەیدانییەکانی هەنگاو، لە ماوەی شەڕی ئەمدوایییەدا، لانی کەم لە ١٩٦ شاری ٢٧ پارێزگای ئێران ناوەندە سەربازی و حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانی و موشەکییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە هەنگاو کۆکراونەتەوە، لە ماوەی ئەم شەڕەدا لانی کەم شەش هەزار و ٦٢٠ سەربازی حکومەتی کوژراون کە زۆربەی ئەم کوژراوان لە سوپای پاسداران و هەروەها ئەرتەش بوون.

ئەم ئامانجانە بنکەکانی سوپای پاسداران، ناوەندەکانی بەسیج، فڕۆکەخانە سەربازییەکان، سایتە موشەکییەکان، بنکەکانی پۆلیس، دامەزراوە دادوەرییەکان، ناوەندەکانی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعات، سەربازگەکانی ئەرتەش و بارەگاکانی یەکەی تایبەت دەگرێتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زۆرترین زیانی هێزە سەربازییەکان لە پارێزگاکانی تاران، کرماشان، هورمزگان، لوڕستان، ئەلبورز، خوزستان، ئەسفەهان، کوردستان و سیستان و بەلووچستان تۆمار کراوە.

ڕێکخراوی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت کە ناوەندە حکومەتی و ئەمنییەکان بە گرتنەبەری ڕێکاری "شاردنەوەی سیستماتیک"، لە بڵاوکردنەوەی ئاماری ڕاستەقینە و فەرمیی کوژراوانی هێزە سەربازییەکان لە کاتی شەڕی ئەمدوایییەدا خۆیان پاراستووە. حکومەت تەنیا لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا، ئامارگەلێکی بڵاوکردووەتەوە کە لەگەڵ ڕاستییە مەیدانییەکاندا دژایەتییەکی ئاشکرای هەبووە و زۆر بە کەمکراوەیی خراونەتە ڕوو. شایانی باسە کە تا ئێستا هیچ جۆرە ڕاپۆرتێکی گشتگیر و فەرمی لەلایەن ناوەندە حکومیە پێوەندیدارەکانەوە سەبارەت بە کۆی قوربانییە سەربازییەکان لەم شەڕەدا بڵاونەکراوەتەوە.
 

زیانی زۆری هێزە حکومەتییەکان لە کوردستان و شاردنەوەی ئامارەکان

بەپێی ئامارە پشتڕاستکراوەکانی ڕێکخراوی هەنگاو و بە پشتبەستن بە بەڵگە مەیدانییەکان، لە ماوەی شەڕی ئەمدوایییەدا، لانی کەم ٢٩٠ ناوەند بە کاربەریی سەربازی، ئەمنی و بارەگایی لە سنووری جوگرافیای پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان (سنە) و ئورمیە، کراونەتە ئامانجی ئۆپراسیۆنە ئاسمانی و موشەکییەکانی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە زیانە مرۆیییەکان، بۆردوومانە ئاماژەپێکراوەکان بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم ١١٢ کەس لە هاووڵاتییانی سڤیل؛ کە لە نێوان قوربانییەکاندا، ١٢ منداڵ و ٩ ژن تۆمار کراون.

هەروەها لە بەشی قوربانییانی هێزە چەکدارەکاندا، ئامارە پشتڕاستکراوەکان ئاماژە بە کوژرانی ١٦٣٠ کەس لە کارمەندانی سەربازی و ئەندامەکانی سەر بە دامەزراوە ئەمنی و حکومیەکان لەو چوار پارێزگایەدا دەکەن.

 

هێرش بۆ سەر بنکە و کەمپەکانی حیزبە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان

بەپێی ڕاپۆرتە پشتڕاستکراوەکانی ڕێکخراوی هەنگاو، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ململانێ چەکدارییەکانی نێوان ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە ئەگەری بەشداریی سەربازیی حیزبە کوردستانییەکان، شوێن و کەمپەکانی شەش پارتی کوردستانیی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کراونەتە ئامانجی هێرشە بەردەوامەکان.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی هەنگاو، کەمپ و بارەگاکانی ئەم حیزبانە لانی کەم ١٦٧ جار کەوتوونەتە بەر هێرشی موشەکی و درۆنیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و گرووپە نیمچەسەربازییەکانی سەر بەوان (هێزە نیابەتییەکان)؛ جێگەی ئاماژەیە کە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپادایە. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا لانی کەم ٥ پێشمەرگە گیانیان لەدەستداوە و ٣٠ پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی داتاکانی هەنگاو هێرشەکان بۆ سەر بارەگا و کەمپەکانی سەر بە حیزبە کانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەیە:

ـ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ٩٣ جار هێرشی کراوەتە سەر.

ـ پارتی ئازادیی کوردستان ٢٥ جار هێرشی کراوەتە سەر. (بریتی لە ٥٩ دڕۆن و هاژەک)

ـ حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ٢١ جار هێرشی کراوەتە سەر.

ـ حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ٢٠ جار هێرشی کراوەتە سەر.

ـ ڕێکخراوی خەباتی کوردستانی ئێران ٥ جار هێرشی کراوەتە سەر.

ـ کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ٣ جار هێرشی کراوەتە سەر.

بەردەوامی و توندبوونەوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییە دەرەکییەکان هاوکات لەگەڵ ململانێکانی ئەمدوایییەدا، کە بووەتە هۆی بەئامانجگرتنی ئەو شوێنانەی کە پارێزبەندییان هەیە لەوانە کەمپەکانی نیشتەجێبوونی کەسانی مەدەنی، ناوەندە تەندروستییەکان، قوتابخانەکان و تەنانەت نووسینگەکانی پەیوەندییە گشتییەکان، وەک نموونەی بەرچاوی پێشێلکردنی سەروەریی نەتەوەیی و سەربەخۆییی خاکی وڵاتی سێیەم دادەنرێت. ئەم هەنگاوانە بە ڕاشکاوی لەگەڵ پرۆتۆکۆڵە پاشکۆکانی کۆنفرانسەکانی ژنێڤ سەبارەت بە پێویستیی جیاکردنەوەی نێوان ئامانجە سەربازی و نەسەربازییەکان و پاراستنی هەرێمە نەسەربازییەکان دژایەتییان هەیە.

 

دەستبەسەرکردنی زیاتر لە دوو هەزار و ٧٠٠ کەس لە ڕۆژانی شەڕدا

بەپێی ئامارە کۆکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی شەڕی ئەمدوایییەدا، دەزگا ئەمنییەکان لەوانە ئیتلاعاتی سوپا، وەزارەتی ئیتلاعات و فەراجا، بە سوودوەرگرتن لە دۆخی شەڕ، کەشی ئەمنیی شارەکانیان توندتر کردووەتەوە و دەستیان داوەتە دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییان بە بێ نیشاندانی هیچ جۆرە حوکمێکی یاسایی. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لانی کەم دوو هەزار و ٧٠٠ هاووڵاتی لەلایەن ئەم ناوەندانەوە دەستبەسەر کراون.

یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی ئەمدوایییە بە ناوی حوسێن غاوی (سیلاوی) تەمەن ٢٨ ساڵ کە لە هاووڵاتییانی عەرەبی خەڵکی ئەهوازە، تەنیا چەند ڕۆژ دوای دەستبەسەرکردنی لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە حکومەتییەکاندا گیانی لەدەستدا.

دەزگای دادوەری و ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو تۆمەتانەیان کە خراونەتە پاڵ دەستبەسەرکراوانی ئەمدوایییە، لە سێ پۆلێنی گشتیدا دابەش کردووە:

ـ سیخوڕی: وێنەگرتن لە ناوەندە هەستیار و ستراتیژییەکان، ناردنی لۆکەیشنی سەربازی و هاوکاری لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە دەرەکییەکان لەوانە موساد (ئیسرائیل).

ـ هەنگاو دژی ئاسایشی نەتەوەیی: هەبوونی چەک، بەکارهێنانی کەلوپەلی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد (ستارلینک)، هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و ململانێی چەکداری.

ـ چالاکیی ڕاگەیاندن: پەیوەندی لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵات و ئەوەی کە وەک "تێکدانی ئاسایشی دەروونیی کۆمەڵگە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا" ناوی لێ نراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی سەبارەت بە دۆخی دەستبەسەرکراوەکان، هۆشداری دەدات لەسەر دەرچوونی سزای قورس و نادادپەروەرانە بۆ ئەم کەسانە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست.

هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە خستنەپاڵی ئەم تۆمەتانە، بەتایبەت لە دۆخێکدا کە دەستبەسەرکراوەکان لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و دادگایییکردنی دادپەروەرانە بێبەشن، بوار خۆش دەکرێت بۆ سەرکوتی سیستماتیک و دەرکردنی سزای دڕندانە لەم کاتەدا.


 

جێبەجێکردنی نهێنی و تۆڵەسێنەرانەی سزای لەسێدارەدانی ١٤ بەندکراوی سیاسی

بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تۆمار کراون، لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی شەڕی ئەمدوایییەدا، دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەنگاوێکی تۆڵەسێنەرانە و ناڕووندا، سزای لەسێدارەدانی ١٤ بەندکراوی سیاسیی لە بەندیخانەکانی قزڵحەساری کەرەج و ناوەندیی قوم جێبەجێ کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم لەسێدارەدانانە بە شێوەی نهێنی، بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی بنەماڵەکان و بێبەشکردنی بەندکراوەکان لە مافی دوایین دیدار ئەنجام دراون.

جیاکاریی تۆمەتە پاڵەخراوەکانی ئەم کەسانە بەم شێوەیەیە:

ـ حەوت کەس لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار.

ـ شەش بەندکراوی سیاسی بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق.

ـ یەک بەندکراوی سیاسی بە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل».

هەنگاو وێڕای شەرمەزارکردنی توندی ئەم سزایانە، جێبەجێکردنیان لە ناوەڕاستی ململانێ سەربازییەکاندا، بە نموونەی بەرچاوی «تۆڵەسەندنەوەی سیاسی» و پێشێلکاریی ڕاشکاوی مافی ژیان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی دادگایییکردنی دادپەروەرانە دەزانێت.

ناسنامەی ئەو ١٤ بەندکراوە کە بە نهێنی لەسێدارە دراون، بە شێوەی خوارەوەیە؛

١ـ کورۆش کەیوانی لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج لەسێدارە درا.

٢ـ ساڵح محەممەدی لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ لە بەندیخانەی ناوەندیی قوم لەسێدارە درا.

٣ـ مەهدی قاسمی لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ لە بەندیخانەی ناوەندیی قوم لەسێدارە درا.

٤ـ سەعید داوودی لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ لە بەندیخانەی ناوەندیی قوم لەسێدارە درا.

٥ـ ئەکبەر دانشوەرکار لە ڕێکەوتی ١٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج لەسێدارە درا.

٦ـ سەعیدمحەممەد تەقەوی سەنگدێهی لە ڕێکەوتی ١٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج لەسێدارە درا.

٧ـ پوویا قوبادی بێستوونی لە ڕێکەوتی ١١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج لەسێدارە درا.

٨ـ بابەک عەلیپوور لە ڕێکەوتی ١١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج لەسێدارە درا.

٩ـ ئەمیرحوسێن حاتەمی لە ڕێکەوتی ١٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج لەسێدارە درا.

١٠ـ ئەبولحەسەن مۆنتەزێر لە ڕێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج لەسێدارە درا.

١١ـ وەحید بەنی‌عامریان لە ڕێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج لەسێدارە درا.

١٢ـ محەممەدئەمین بێگلەری لە ڕێکەوتی ١٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج لەسێدارە درا.

١٣ـ شاهین واحدپەرەست کلوور لە ڕێکەوتی ١٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج لەسێدارە درا.

١٤ـ عەلی فەهیم لە ڕێکەوتی ١٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج لەسێدارە درا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە