نۆهەمین ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر شەڕ؛ کوژرانی ٧٣٠٠ کەس لەوانە ٨٩٠ کەسی مەدەنی لە ٣٤مین ڕۆژی یەکەمی شەڕدا

١٣ خاکەلێوە ٢٧٢٦، ٢٠:٣١

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦

هاوکات لەگەڵ سی و چوارەمین ڕۆژی شەڕی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی توند لە زیادبوونی ژمارەی قوربانییانی سڤیل، نۆهەمین ڕاپۆرتی خۆی بڵاو دەکاتەوە. بەپێی ئامارە پشتڕاستکراوەکان لەلایەن ناوەندی بەڵگەنامەکانی هەنگاو، تا کۆتاییی ڕۆژی سی و چوارەمی شەڕ لانی کەم ٧٣٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ١٢.٢٪ی ئەوانە پێکهاتوون لە ٨٩٠ هاووڵاتیی سڤیل و شەش هەزار و ٤١٠ کەسیش لە هێزە سەربازییەکانی ئێرانن.
 

جیاکاریی زیانەکان و پانتاییی جوگرافیی هێرشەکان بۆ سەر ناوەندە سەربازی و حکومەتییەکان

بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە مەیدانییەکانی هەنگاو، لە ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ تا ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦، لانی کەم لە ١٩٥ شاری ٢٧ پارێزگای ئێران، ناوەندە سەربازی و حکومەتییەکان کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانی و موشەکییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا.

ئەم ئامانجانە پێکهاتوون لە بنکەکانی سوپای پاسداران، ناوەندەکانی بەسیج، فڕۆکەخانە سەربازییەکان، سایتە موشەکییەکان، بنکەکانی پۆلیس، دامەزراوە دادوەرییەکان، ناوەندەکانی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعات، سەربازگەکانی سوپا و بارەگاکانی یەکەی تایبەت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە هەنگاو کۆکراونەتەوە، تا ئێستا شەش هەزار و ٤١٠ سەربازی حکومەتی کوژراون کە زۆربەی ئەم قوربانییانە لە هێزی ئاسمانی، سوپای پاسداران و هەروەها ئەرتەش بوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زۆرترین زیانی هێزە سەربازییەکان لە پارێزگاکانی تاران، کرماشان، هورمزگان، لوڕستان، ئەلبورز، خوزستان، ئەسفەهان، کوردستان و سیستان و بەلووچستان تۆمار کراوە.

هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بە پەیڕەوکردنی ڕێکاری «شاردنەوەی سیستماتیک»، لە بڵاوکردنەوەی ئاماری ڕاستەقینەی کوژراوەکان خۆیان دەپارێزن و ئامارێکی زۆر کەمتر لە ڕاستییە مەیدانییەکان دەخەنە ڕوو.

 

کوژرانی لانی کەم ٨٩٠ کەسی سڤیل لە مانگی یەکەمی شەڕدا

هەنگاو پشتڕاستی دەکاتەوە کە زۆرترین ئاماری گیانلەدەستدانی مەدەنی لە پارێزگاکانی تاران، هورمزگان، لوڕستان، کرماشان، فارس، ئەلبورز، ئیلام و مەرکەزی تۆمار کراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە تا ئێستا ٨٩٠ هاووڵاتیی سڤیل لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا کوژراون کە دەکاتە ١٢.٢٪ی کۆی قوربانییەکان.

لە کۆی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی کوژراون، هەنگاو کوژرانی ١٨٠ منداڵی خوار ١٨ ساڵ و هەروەها ٢١٠ ژن پشتڕاست دەکاتەوە. شایانی باسە کە میدیا حکومەتییەکان و بەرپرسانی فەرمیی ئێران پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە لە قوتابخانەی میناب ١٦٧ منداڵ کوژراون، بەڵام تا ئێستا تەنیا ناسنامەی ٥٨ کەس لە قوربانییانی ئەم قوتابخانەیە ڕوون بووەتەوە کە ٤٨ کەسیان منداڵ و ١٠ کەسیشیان گەورەساڵن. لە دوایین ڕاپۆرتی حکومەتیدا ژمارەی منداڵە کوژراوەکانی ئەو قوتابخانەیە بە ١٢٠ کەس ڕاگەیەندراوە، بەڵام هێشتا ناسنامەی تەنیا ئەو ٤٨ منداڵە بڵاوکراوەتەوە.

هەنگاو چەندین ڕاپۆرتی پێگەیشتووە کە نیشانی دەدەن هێزە سەربازییەکان، بە جێهێشتنی بنکە فەرمییەکان، لە شوێنە گشتی و نەسەربازییەکان وەک قوتابخانەکان، بەشەناوخۆیییەکان و مزگەوتەکان جێگیر بوون. ئەم هەنگاوە بەپێی کۆنڤانسیۆنی ژنێڤ، وەک بەکارهێنانی «قەڵغانی مرۆیی» هەژمار دەکرێت و گیانی کەسانی سڤیلی خستووەتە مەترسییەوە.

 

زیانی زۆری هێزە حکومەتییەکان لە کوردستان و شاردنەوەی ئامارەکان

لە ٣٤ ڕۆژی یەکەمی شەڕدا هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل و ئەمریکا بە توندی ئەنجام دراوە و لە ٣٧ شاری پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئورمیە، لانی کەم ٢٥٣ بنکەی سەربازی و ناوەندی ئەمنی کراونەتە ئامانج.

بەدواداچوونەکانی هەنگاو نیشانی دەدەن کە لەو ماوەیەدا لانی کەم ١٦٠٠ کەس لە هێزە سەربازی و حکومەتییەکان لەم چوار پارێزگایەدا کوژراون.

هەروەها لانی کەم ١٠٩ هاووڵاتیی سڤیل لەوانە ١٢ منداڵی خوار ١٨ ساڵ و ٩ ژن لە کاتی ئەم هێرشانەدا کوژراون کە زۆربەیان لە شارەکانی ئورمیە، کرماشان، دیواندەرە، شاباد، ئیلام، نەغەدە و بۆکان تۆمار کراون.

هەنگاو جەخت لەسەر پێویستیی شەفافیەت لە ڕاگەیاندنی ناسنامەی قوربانییەکان و پاراستنی گیانی کەسانی سڤیل لە ململانێ چەکدارییەکاندا بەپێی کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە.

 

داواکاریی هەنگاو

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە جەختکردنەوە لەسەر کۆنڤانسیۆنی چوارەمی ژنێڤ سەبارەت بە پاراستنی کەسانی سڤیل لە کاتی شەڕدا، ڕادەگەیەنێت کە لایەنە شەڕکەرەکان پابەندن بە جیاکردنەوەی ڕەها لە نێوان ئامانجە سەربازی و مەدەنییەکاندا.

هەنگاو لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات بە گوشار خستنە سەر لایەنەکانی شەڕ و چاودێریی تایبەت لەسەر سیاسەتەکانی شاردنەوەی کۆماری ئیسلامی، میکانیزمەکانی پاراستن بۆ پاراستنی گیانی کەسانی سڤیل دەستبەجێ چالاک بکەن.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە