ئازادی کاتیی مامۆستا لوقمان ئەمینی لە بەندیخانەی هەمەدان

١٢ جۆزەردان ٢٧٢٥، ١٢:٥٦

هەنگاو؛ دووشەممە ۱۲ی جۆزەردانی ۲۷۲۵

مامۆستا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی "چواریاری نەبی" سنە بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی هەمەدان ئازاد کرا. ناوبراو لە ڕەوتی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» دەستبەسەر کرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۱۲ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۲ی ژوئەنی ۲۰۲۵)، مامۆستا لوقمان ئەمینی، کەسایەتی مەزهەبی خەڵکی شاری سنە بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی هەمەدان ئازاد کرا.

مامۆستا لوقمان ئەمینی ڕۆژی دووشەممە ۱ی بانەمەڕی ۲۷۲۵ (۲۱ی ئەپریلی ۲۰۲۵)، پاش بانگکران و سەردانی دادگای تایبەت بە مامۆستایانی هەمەدان دەستبەسەر کرابوو و بۆ بەندیخانە گواسترابۆوە.

ئەو مامۆستایە پێشتر لە لایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی هەمەدان بە تۆمەتی "ڕاگرتنی چەکی کەمەری" سزای پێنج ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت و بە قازانجی حیزبە کوردستانییەکان" سزای یەک ساڵ بەندکران و لە پەیوەندی لەگەڵ تۆمەتی "هاندانی خەڵک بۆ ئاژاوە و پاڵپشتی لە ناڕازییان" سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، سەختترین سزاکان واتا سزای پێنج ساڵ بەندکران بۆ ئەو مامۆستایە جێبەجێ دەکرا.

ناوبراو هەروەها سزای دانانی هەمیشەیی جلوبەرگی مامۆستایەتی، بێبەشی هەمیشەیی لە وتاردان و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ ئەردەبیلی بەسەردا سەپێندرابوو.

مامۆستا لوقمان ئەمینی ڕۆژی دووشەممە ۱۰ی ڕێبەندانی ۲۷۲۲، لە جاددەی سنە مەریوان لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و ڕۆژی چوارشەممە ۳ی ڕەشەممەی هەمان ساڵ بەدانانی بارمتە بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە