پیرانشار؛ سزای بەندکرانی موحسین قادری لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی گۆڕدرا

٢٤ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٣:٢٧

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

سزای بەندکرانی موحسین قادری، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی پیرانشار و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" بۆ تێپەڕاندنی لە دەرەوەی بەندیخانە گۆڕدرا. بەپێی ئەو سزایە ناوبراو باقی ماوەی سزای بەندکرانەکەی لە دەرەوەی بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدەدا تێپەڕ دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٦ی مەی ٢٠٢٤)، سزای بەندکرانی موحسین قادری، هاووڵاتیی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "گزکەسک" سەر بە شاری پیرانشار بۆ ڕای باز گۆڕدراوە و ناوبراو ٢٢ مانگی دیکە لە ماوەی بەندکرانەکەی لە دەرەوەی بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە تێپەڕ دەکات.

موحسین قادری پێشتر بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو و لە ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترابووەوە.

ئەو هاووڵاتییە مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو لە دۆسیەیەکی دیکە، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی پیرانشار بە سەرۆکایەتیی ڕەزا قارەمانی ساعەتلوو بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" سزای سێ مانگ بەندکران و ٤٠ زەربەی قامچیی بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەو سزایە بۆ پێبژاردنی بڕی پارەی پێنج ملیۆن تمەن داشکێندرا.

شایەنی باسە کە، سمەیە قادری، خوشکی ئەو بەندکراوە سیاسییە، ڕۆژی دووشەممەی ١٧ی بانەمەڕ و هاوکات لەگەڵ دەرکردنی سزای ڕای بازی موحسین قادری لە ڕەوتی هەڵکوتانی هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی دەستبەسەر کراوە.

موحسین قادری ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە پیرانشار دەستبەسەر کرابوو و بۆ دەستبەسەرگەی ئورمیە و دواتر بەندیخانەی نەغەدە گواسترابووەوە و ٢٥ی بەفرانباری ئەو ساڵە بەدانانی بارمتەی چوار ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە