سەقز؛ شێخ زاهید شەهابی، چالاکی مەزهەبی بەشێوەی کاتی ئازاد کرا

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۸ی جۆزەردانی ۲۷۲۵
شێخ زاهید شەهابی، لە چالاکانی مەزهەبی کوردی خەڵکی شاری سەقز کە لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆزی کوردستان دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ۷ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۲۸ی مەی ۲۰۲۵)، شێخ زاهید شەهابی، برای شێخ ئازاد شەهابی پاش زیاتر لە دوو مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
شێخ زاهید شەهابی ڕۆژی دووشەممە ۴ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵ (۲۴ی مارسی ۲۰۲۵) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا، ئەو هێزانە هەروەها دەستیان بەسەر مۆبایلەکەشیدا گرتبوو. ناوبراو پێشتر ڕۆژی هەینی ۲۴ی ڕەشەممەی ۲۷۲۴، لە ڕێورەسمی نەورۆز لە چیای جاقل ئامادە ببوو و پاش پێشکەشکردنی وتارێکی کورت ئاگری نەورۆزی داگیرساندبوو.
شایانی باسە کە ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.
ئازاد شەهابی، برای زاهید شەهابی هاوڕێ لەگەڵ دوو چالاکی مەزهەبی دیکە بەناوەکانی پەیمان محەممەدی و پەرویز ڕەحیم پەنا، لە ڕێکەوتی ۲۸ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لە خانەقای شوێنی چالاکییەکەیان لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆدا کوژران.
هەندێک دواتر، چالاکانی مەدەنیی شاری سەقز بە ئاماژە بە بەڵگە بەردەستەکان و پێشینەی درێژماوەی ناوەندە حکومەتییەکان، ئەو کردەوەیان بە تێرۆرێکی ڕێکخراوانە بۆ چەوساندنەوەی زیاتر زانیبوو.