بەندیخانەی ئورمیە؛ سێ چالاکی مەزهەبی کورد تۆمەتی «بەغی» دراوەتە پاڵیان

٧ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٨:٠٣

هەنگاو؛ یەکشەممە ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

سێ چالاکی مەزهەبی کورد و خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی سولەیمان ئەدهەمی، حوسێن خەسرەوی و هیوا نووری کە زستانی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە بۆکان دەستبەسەر کراون، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتی «بەغی» دراوەتە پاڵیان و مەترسی سەپاندنی سزای قورس وەکوو سێدارەیان، لەسەرە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سێ چالاکی مەزهەبی کورد و خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی سولەیمان ئەدهەمی، حوسێن خەسرەوی و هیوا نووری کە زستانی ڕابردوو دەستبەسەر و ئێستا لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراون، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی ئورمیە تۆمەتی «بەغی»، «ئەندامەتی لە گرووپی توندڕەوی ئیسلامی ئەنساروسوننە» و «پڕوپاگەندە دژی نیزام» دراوەتە پاڵیان.

وەپاڵدانی تۆمەتی بەغی بەم سێ چالاکە مەزهەبییە کوردە، گیانیان خستووەتە مەترسی و بە پێ ئەم تۆمەتانە مەترسی سەپاندنی سزای سێدارە و یان بڕینەوەی دەستی ڕاست و لاقی چەپیان لەسەرە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سێ چالاکە مەزهەبییە لە کاتی دەستبەسەرکرانیاندا سێ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە بوون و لەلایەن لێکۆڵەری ئیتلاعاتەوە بەمەبەستی دانپێدانان دژی خۆیان لەژێر ئەشکەنجەدا بوون و لەمافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.

ئەم سێ چالاکە مەزهەبییە لە ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٢٩ی جەنیوەری ٢٠٢٤) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعات لە ئورمیە گوازراونەتەوە.

سولەیمان ئەدهەمی، حوسێن خەسرەوی و هیوا نووری، لە دوای سێ مانگ دەستبەسەرکران لە دەستبەگەری ئیتلاعاتی ئورمیە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە گوازراونەتەوە و لە ئێستا لەم بەندیخانە بەبێ مافی مرەخەسی ڕاگیراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە