بەندیخانەی قزڵحیسار؛ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دوایین بارودۆخی لوقمان عەلیزادە بەندکراوی مەزهەبیی کورد

١١ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ١٣:٠٢

هەنگاو؛ یەکشەممە، ١١ی خەزەلوەری ٢٧٢٥

لوقمان عەلیزادە، بەندکراوی مەزهەبیی کوردی خەڵکی بۆکان، لە ئەنجامی ئەشکەنجەی جەستەیی و زەخت و زەبری رۆحی لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا تووشی چەندین نەخۆشی وەکو: گورچیلە، ڕیخۆڵە، دڵ و شکانی شان بووە . ناوبراو سەرەڕای خراپبوونی باری جەستەیی، لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری و چاودێری پزیشکی بێبەش کراوەو لە ماوەی ٨٠٠ ڕۆژی ڕابردوودا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە، بەندیخانەی ئێڤین و قزڵحیسار؛ ڕاگیراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لوقمان عەلیزادە، بەندکراوی ئایینی تەمەن ٣٦ ساڵ و دانیشتووی گوندی "سارۆقامیش" لە ناوچەی بۆکان، کە پێشتر بەهۆی خراپی باری جەستەیی لە بەندیخانەی ئێڤین نەشتەرگەری بۆ کراوە، چارەسەری تەواوەتی وەرنەگرتووە و ئێستا لەگەڵ تووشبوون بە نەخۆشییە هەڵاماتیەکان ، نەخۆشی دڵ و شکانی شانی و پێویستی خێرای بە نەشتەرگەری دووبارە، لە مافی چارەسەری و پێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەش ماوەتەوە.

سه ڕچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە به هەنگاوی ڕاگەیاند، لوقمان عەلیزادە که لە ئەنجامی ئەشکەنجەی جەستەیی و زەخت و زەبری رۆحی لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا تووشی چەندین نەخۆشی وەکوو هەڵاماتی توندی ڕیخۆڵه ببوو، پێشتر جارێک نەشتەرگەری بۆ کراوه ، بەڵام تا ئێستا چارەسەڕی تەواوی وەرنەگرتووە و دوای گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی قزلحەسار به هۆی ڕێگری بەڕپرسانی زیندان و دەسەڵاتە دادوەرییەکان ، لە ناردن بۆ چارەسەروەرگرتن بێبەش ماوەتەوە .

ئەو سەرچاوەیە هەروەها زیادی کرد: لوقمان عەلیزادە بەهۆی زەختەکانی کە لە کاتی ئەشکەنجەدان لێیکراوە تووشی نەخۆشی دڵ ببوو لەم دواییانەدا بەهۆی تێکچوونی باری جەستەیی و توندی نەخۆشییەکانی، لە زیندانی قزلحەسار دەکەوێتە سەر زەوی و شانی تووشی شکان دەبێ. ئەمە لە کاتێکدایە کە دادگا و بەندیخانە بەرپرسیارێتی پێڕاگەیشتنیان وەخۆ نەگرتووە و تا ئێستا هیچ دامەزراوەیەک وەڵامدەر نەبووە.

شایانی باسە لوقمان عەلیزادە لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٢٧٢٣ دوای چەند مانگ ئەشکەنجەدان لە یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ بۆ بەندیخانەی ئێڤین و پاش ماوەیەک بۆ بەندیخانەی قزلحەسار گوازراوەتەوە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر دەسبەسەرکرانیدا ، لێکۆڵەری دۆسیەکەی ، ناسر جەلایەر، هێشتا فەرمانی دەستبەسەرکردنی کاتی ئەو بەندکراوەی هەڵنەوەشاندۆتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە هیچ بەڵگە و بەڵگەنامەیەکی یاسایی لە دژی نەخراوەتەڕوو و تا ئێستا تۆمەتەکانی نەسەلمێنراون.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم بەندکراوە ئایینیە پێشتر بە هەنگاوی ڕاگەیاندبوو کە لوقمان عەلیزادە هەڕەشەی لێ کراوە کە تا کاتێک بە زۆرەملی دان بە تاوانەکانی دا نەنێ، هەربەوشێوە لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بێبەش دەبێت.

لوقمان عەلیزادە لە ڕێکەوتی ١٣ی خەرمانانی ساڵی ٢٧٢٣ لە شاری بوکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزراو لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا، لە بەندی تاکەکەسی لەم دامەزراوە ئەمنییەدا تووشی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بووە و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی خۆی کراوە.


 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە