ئازادی مەرجداری چوار هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی ئیلام
هەنگاو: پێنجشەممە ٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢
چوار هاووڵاتیی خەڵکی ئیلام بە ناوەکانی میلاد سەیفوڵڵاهی، جەواد ئەمینی، عەبدولمحەممەد قائمی و ئیقباڵ ئەمینی کە لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەو شارە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، دوای یەک مانگ، بە دانانی بارمتە ئازاد کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەم چوار هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (١٤ی دیسەمبەری ٢٠٢٢) بەشێوەی مەرجدار لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ئازاد کران.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، میلاد سەیفوڵڵاهی، جەواد ئەمینی، عەبدولمحەممەد قائمی و ئیقباڵ ئەمینی لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە بە"ڕێبەرایەتی خۆپیشاندانەکانی ئیلام" و "دیوار نووسینیان" تۆمەتبار کراون.
ئەم چوار هاووڵاتییەی خەڵکی ئیلام، ڕۆژی هەینی ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەرکران.
شیاوی ئاماژە پێدانە کە ئیقباڵ ئەمینی پێشتر لە ساڵی ٢٧١٦، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو.