كوژرانی نیزامییەكی حكوومەتی لە ئەنجامی پێکدادانێکی چەكدارانە لە بانە

هەنگاو؛ سێشەممە ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٥
سینا سەتاروەند، یەكێک لە هێزە چەكدارەكانی هەنگی سنووریی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە بانە، لە ئەنجامی پێکدادانێکی چەكدارانە لە ناوچەی سنووریی ئە شارە كوژرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی دووشەممە ٣٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (٢١ی جوڵای ٢٠٢٥)، سینا سەتاروەند، تەمەن ٢٢ ساڵ، خەڵكی شەڕەشار و ئەندامی هەنگی سنووری بانە لە ئەنجامی پێکدادانێکی چەكدارانە كوژرا.
ئەم پێکدادانە چەكدارانە لە نزیكی بورجەكی سەربازی پایگای نەنۆڕی شاری بانە رووی داوە و یک کاتژمێری خایاندووە.
تا كاتێ داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ یەک لە حیزبە كوردستانییەكان بەرپرسیارێتیی ئەم پێکدادانەیان وەئەستۆ نەگرتووە. بەڵام سەرچاوەكانی هەنگاو وتوویانە كە ئەم تێکهەڵچوونە لە لایەن پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاک) بووە.
ئەم تێكهەڵچوونە لە كاتێكدا ڕووی داوە كە ڕۆژی شەممە ٢٨ی پووشپەڕ یەکێک لە ئەندامانی لقی سەربازیی پژاک بە ناوی ئومێد حوسێنی ناسراو بە “سمكۆ كۆبانی” خەڵكی كامێران، لە سنووری پێنجوێنی هەرێمی كوردستان لە ئەنجامی هێرشی دڕۆنیی هێزەكانی سوپای پاسداران گیانی لە دەست دابوو.