بەردەوامیی پێكدادانی چەكدارانە لە سنووری بانە؛ دوو كەس لە هێزە حكوومەتییەكان كوژران

هەنگاو؛ چوارشەممە ١ی گەلاوێژی ٢٧٢٥
لە ئەنجامی دووەمین پێكدادانی چەكدارانە لە ماوەی ٤٨ كاتژمێری ڕابردوودا، دوو كەس لە کادرەکانی هێزی چەکدارەکانی ئێران بە ناوەكانی سەجاد ئەدیب و عەلی بوداق كوژران کە سەرجەم ژمارەی كوژراوانی هێزە حكوومەتییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەم تێكهەڵچوونانەدا گەیشتە سێ كەس.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی سێشەممە ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (٢٢ی جوڵای ٢٠٢٥)، سەجاد ئەدیب و عەلی بوداق، دوو كەس لە هێزە حكوومەتییەكان لە بانە كوژران.
بە وتەی سەرچاوەی هەنگاو لەم پێكدادانەدا لانی كەم دوو كەسی دیکە لە هێزە حكوومەتییەكان بریندار بوون.
ئێوارەی دووشەممە ٣٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (٢١ی جوڵای ٢٠٢٥)، سینا سەتاروەند، تەمەن ٢٢ ساڵ، خەڵكی دەڕەشار ئەندامی هەنگی سنووریی بانە لە ئەنجامی تەقەكردن لە پێكدادانێكی چەكدارانە كوژرا.
تا كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ یک لە حیزبە كوردستانییەكان بەرپرسایەتی ئەم پێكدادانەیان وەئەستۆ نەگرتووە. سەرەڕای ئەمە میدیا حكوومەتییەكان بە بێ ئاماژە بەو پێكدادانە ناسناوی دوو كەس لە كادرە سەربازییەکانیان ئاشكرا كردووە.
بەردەوامیی پێكدادانی چەكدارانە لە سنووری بانە؛ دوو كەس لە هێزە حكوومەتییەكان كوژران