کوژران و برینداربوونی پێنج ئەندامی سوپای پاسداران لە کوردستان

هەنگاو؛ سێشەممە ۱۵ی ڕەزبەری ۲۷۲۵
لە ئەنجامی هێرشی چەکدارانەی گرووپێکی نەناسراو بۆ سەر بنکەیەکی سوپای پاسداران لە سەوڵاوا دوو ئەندامی سوپای پاسداران بەناوەکانی عەلیڕەزا وەلیزادە و ئەیووب شیری کوژران و لانی کەم سێ کەسی دیکە بریندار کران.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی دووشەممە ۱۴ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۶ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا دوو ئەندامی سوپای پاسداران کوژران و سێ کەسی دیکە بریندار کران. برینداربووان بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە و بارودۆخیان ناڕوونە.
میدیا پەیوەندیدارەکان بە سوپای پاسداران لەسەر ئەم بابەتە ڕایانگەیاندووە کە، ئەو هێرشە لە ڕێگای فڕێدانی نارنجۆک بۆ «بنکەی موقاومەتی سێڕای حیزبوڵڵای سەوڵاوا» ئەنجام دراوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ یەک لە حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەیان نەگرتۆتە ئەستۆ.