مەریوان؛ گیان لەدەست دانی ئەندامێکی باڵی سەربازیی پژاک و هاووڵاتییەکی دیکە لە ئەنجامی بۆسەیەکی وەزارەتی ئیتلاعات و سوپا

هەنگاو؛ هەینی ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٥
ئەندامێکی باڵی سەربازیی پژاک بە ناوی محەممەد حوسێن ڕەشید، خەڵکی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییەکی دیکە لەگەڵ ئەودا کە هەتا ئێستا ناسنامەی ئەو پشتڕاست نەکراوەتەوە، لە هێرشی هاوبەشی وەزارەتی ئیتلاعات و سوپای پاسداران لە مەریوان گیانیان لەدەست دا.
بە پێی ڕاپۆرتیی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ (٢٣ی سێپتەمبری ٢٠٢٥)، محەممەد حوسێن ڕەشید، ئەندامی یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی شاری چەمچەماڵی هەرێمی کوردستان و کەسێکی دیکە، سەرنشینانی ئۆتۆمبیلێکی پژۆ پارس لە سێ ڕێیانی موسکی مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتی گیانی خۆیان لەدەست دا.
هەنگاو ئاگادار بووەتەوە کە، کەسێکی دیکە لە ڕەوتی ئەم پێکدادانەدا بریندار بووبوو، پاش دوو ڕۆژ خەواندن لە نەخۆشخانەی فەجری مەریوان بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابوویەوە و هەتا ئێستا زانیارییەک لە چارەنووسی ئەو لە بەردەستدا نییە.
یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە کە محەممەد حوسێن ڕەشید لە کاتێکدا کە هیچ «چەکێکی لەگەڵدا نەبووە و لە کاتی گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان بۆ تیمار کردنی برینەکانی خۆی بووە» کەوتە بەر ئامانجی ئەو هێرشە. لەم بەیاننامەدا ئاماژەیەک بە ناسنامەی کەسی دەستبەسەر کراو نەکراوە.
شایانی باسەکە، بە پێی ئەو زانیارییانەی کە هەنگاو پێی گەیشتووە، هەمان ڕۆژی پێکدادان هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا کامێرای تەواو دوکانەکانی ئەو شوێنەی ئاماژەی پێکراوە لەگەڵ خۆیان بردووە.