درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرکردنی چیاکۆ ڕەزایی
هەنگاو؛ دووشەممە ١٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
چیاکۆ ڕەزایی، پاڵەوانی وەرزشە جەنگییەکان کە لە ماوەی ٨٧ ڕۆژی ڕابردوو لە گرتووخانەی ئیتلاعات لە سنە دەستبەسەر بووە؛ سەرەڕای دیاریکردنی بارمتەی یەک ملیار تمەنی، هێشتا بە نادیاری لە دەستبەسەریدا ماوەتەوە و بڕیاری دەستبەسەرکردنەکەی بۆ سێیەم جار درێژ کراوەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، چیاکۆ ڕەزایی، پاڵەوانی وەرزشە جەنگییەکان و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ماوەی دوو مانگ و ٢٧ ڕۆژی ڕابردووی بە نادیاری لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە تێپەڕاندووە و دۆخی دۆسیەکەی نادیارە.
درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرکردنەکەی لە کاتێکدایە کە بارمتەی یەک ملیار تمەنی بۆ ئازادیی کاتیی چیاکۆ ڕەزایی دیاری کراوە، بەڵام بەهۆی ڕێگری ئیدارەی ئیتلاعات، لە وەرگرتنی بارمتەکە خۆ دەبوێرن.
لەم بارودۆخەدا بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی چیاکۆ ڕەزایی بووەتە هۆی ئەوەی کە دایکی بەهۆی پەستانە دەروونی و جەستەییەکانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێت.
شایانی باسە کە ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکردنییەوە هەتا ئێستا لە مافە سەرەتاییەکانی وەک دەستگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
چیاکۆ ڕەزایی ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٥ (٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٥) لە کاتێکدا کەلە یانەیەکی وەرزشی لە شاری سنە دەهاتە دەرەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو پێشتریش لە درێژەی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستبەسەر کرابوو.