مەهاباد؛ دەستبەسەركران و ناڕوونی چارەنووسی سێ هاووڵاتیی كورد لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە

هەنگاو؛ شەممە ٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٥
ڕێبوار مستەفازادە، هەژار ئەسەدپوور و كەیوان ئاشتاب هاووڵاتییانی كورد و خەڵكی مەهاباد، لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بل شوێنێكی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (٢٣ی ژوئەنی ٢٠٢٥)، ڕێبوار مستەفازادە، تەمەن ٤١ ساڵ، خەڵكی مەهاباد و لە ڕاهێنەرانی تۆپی پێ لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە و دوای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
ڕۆژی هەینی ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٥، هەژار ئەسەدپوور، تەمەن ٢٧ ساڵ و پێرسۆنێلی مانگی سووری مەهاباد لە شوێنی كارەكەی لە بنکەی فریاکەوتنی خێرای دارەلەک لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر كرا.
هاوكات و هەر لەم شارە كەیوان ئاشتاب، تەمەن ٢٩ ساڵ و پێرسۆنێلی ئورژانسی نەخۆشخانەی مەهاباد لە شوێنی كارەكەی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر كرا.
ئەم هاووڵاتییانە بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەكی دادوەری، لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسە كراون و تا ئێستا لە مافی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بوون.
تا كاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.