بجنۆرد؛ شەهریار محەممەدی بریمانلوو، وەرزشکاری کورد و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

١٧ گەلاوێژ ٢٧٢٦، ١٢:١٣

هەنگاو؛ شەممە ۱۷ی گەلاوێژی ۲۷۲۶

شەهریار محەممەدی بریمانلوو، لاوی ۲۰ ساڵەی کورد، زۆرانباز و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۲۷۲۵ لە بجنۆرد، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای خۆراسانی باکوور سزای ۲ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سزای دادگای پێداچوونەوە لە پووشپەڕی ۲۷۲۶ پێی ڕاگەیاندراوە و ئەم وەرزشکارە لاوە دەبێت بەم زووانە بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی، خۆی بە بەندیخانەی بجنۆرد بناسێنێت.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، شەهریار محەممەدی بریمانلوو لە دادگای سەرەتاییدا لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی بجنۆردەوە بە تۆمەتەکانی «کۆبوونەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی» و «پڕوپاگەندە دژی نیزام» سزای ۴ ساڵ و ۸ مانگ بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپێندرابوو. ئەم سزایە دوای ناڕەزایەتیدەربڕینی پارێزەری دۆسیەکە، لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگا بۆ ۲ ساڵ بەندکرانی تەعزیری کەم کرایەوە.

شەهریار محەممەدی بریمانلوو ڕۆژی هەینی ۱۹ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۹ی جەنیوەریی ۲۰۲۶) لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بەبێ پێشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ناوبراو دوای ۸ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی بۆجنۆرد ئازاد کرابوو.

جێگای ئاماژەیە کە، ناوبراو لە قۆناغی سەرەتایی دادگاشدا لە مافی هەبوونی پارێزەری هەڵبژێردراو بێبەش کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە