بجنۆرد؛ چوار هاووڵاتیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ڕابردوو لەوانە منداڵێک سەرجەم سزای ١٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا
هەنگاو؛ چوارشەممە ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٦
چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی بجنۆرد و ئاشخانە لە پارێزگای خۆراسانی باکوور بە ناوەکانی ئەمیرمەهدی نەعیمیفەڕ تەمەن ١٨ ساڵ، مەهدی ڕۆستەمی تەمەن ٢٥ ساڵ، سەید عەلیرەزا سەیدی تەمەن ٢٦ ساڵ و یاسین سەرفەراز تەمەن ١٧ ساڵ و ئەندامی هەڵبژاردەی بۆکسی ئێران، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سەرجەم بە ١٠ ساڵ بەندکردن، لێدانی قامچی و ٥٠ ملیۆن تمەن سزای نەختییان بەسەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وردەکاریی دۆسیە و سزای دەرچوو دژ بەم ٤ هاووڵاتییە بەم شێوەیەی خوارەوەیە
لقی چوارەمی دادگای تاوانەکانی بجنۆرد لە تەنیا یەک دانیشتنی دادگاییکردندا و بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر، یاسین سەرفەراز، منداڵە-وەرزشکاری تەمەن ١٧ ساڵ و قارەمانی بۆکسی بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی» بە ٣ ساڵ و ٣ مانگ بەندکردن مەحکووم کرد. ئەم سزای لە کۆتاییەکانی پووشپەڕی ٢٧٢٦دا بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.
یاسین سەرفەراز، تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی بجنۆرد، لە ئەندامانی هەڵبژاردەی بۆکسی ئێران و هەڵگری نازناوی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بوو که لە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ڕابردوودا دەستبەسەرکرابوو.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی ۲۲ی پووشپەڕی ٢٧٢٦، لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی بجنۆرد، سەید عەلیرەزا سەیدی خەڵکی ئاشخانەی بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژ بە ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی» بە ٣ ساڵ بەندکردن و لێدانی قامچی مەحکووم کرد. ناوبراو لە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥دا، بەبێ پێشکەشکردنی بڕیاری دادوەری دەستبەسەرکرا و دوای ١٠ ڕۆژ دەستبەسەرکردن و بێبەشبوون لە پارێزەر و چاوپێککەوتن، بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.
هەروەها، لقی چوارەمی دادگای تاوانەکانی بجنۆرد، ئەمیرمەهدی نەعیمیفەڕی بە تۆمەتەکانی «تێکدانی ئاژاوە و ئاسایشی گشتی» و «سەرپێچی لە فەرمانی هێزە حکومەتییەکان» بە ١ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردن و پێبژاردنی ٥٠ ملیۆن تمەن مەحکووم کردووە. ناوبراو کە وەرزشکاری ڕشتەکانی بۆکس و تۆپی پێیە، لە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥دا دەستبەسەرکرا و دوای سێ هەفتە بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.
مەهدی ڕۆستەمی هاووڵاتییەکی دیکەی کورد، لە کۆتاییەکانی پووشپەڕی ٢٧٢٦دا، لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی بجنۆردەوە، بە تۆمەتەکانی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی» و «پڕوپاگەندە دژ بە نیزام» بە ٢ ساڵ بەندکردن مەحکووم کراوە.
شایانی باسە کە ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا کەوتووەتە ژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و بە دەست و قاچی بەستراوەوە ناچار بە واژۆکردنی دانپێدانانی زۆرەملێ کراوە. بەرپرسانی دادوەری هەڕەشەیان لە ناوبراو کردووە کە لە ئەگەری ناڕەزایەتی دەربڕیندا، سزای بەندکردنەکەی زیاد دەکرێت.
سەرجەم ئەم چوار هاووڵاتییە لە تەواوی قۆناغەکانی دەستبەسەرکردن، لێپرسینەوە و دادگاییکردندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرێکی سەربەخۆ بێبەش کرابوون.