دەستبەسەرکرانی محەممەد مورادی و نادیاری چارەنووسی فەرەیدوون مستەفایی، یاریزانی تەمەن ۲۳ ساڵ لە شارەکانی مەهاباد و سەقز

١ گەلاوێژ ٢٧٢٦، ١٤:٠٢

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۱ی گەلاوێژی ۲۷۲۶

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانەکان و سەپاندنی گوشار بۆ سەر هاووڵاتییان لە کوردستان، محەممەد مورادی لە مەهاباد دوای بانگهێشتکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرا. هاوکات، دوای تێپەڕبوونی سێ هەفتە بەسەر دەستبەسەرکرانی فەرەیدوون مستەفایی، وەرزشوان و یاریزانی تۆپی پێی خەڵکی سەقز، چارەنووسی ناوبراو هێشتا نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ۳۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۶ (۲۲ی جوولای ۲۰۲۶)، محەممەد مورادی، گەنجی خەڵکی مەهاباد، دوای بانگهێشتکران و سەردانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە حکوومەتییەکان لە ڕۆژانی پێشوودا بەبێ پێشکەشکردنی هیچ جۆرە بەڵگە و مۆڵەتێکی یاسایی دەستیان بەسەر مۆبایلەکەی ناوبراودا گرتبوو و دواتر لێیان ویستبوو بۆ وەرگرتنەوەی مۆبایلەکەی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات بکات؛ بەڵام دوای ئامادەبوونی لەم ئۆرگانە، بەبێ پێشکەشکردنی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.

لە لایەکی دیکەوە، فەرەیدوون مستەفایی، تەمەن ۲۳ ساڵ، وەرزشوان و یاریزانی تۆپی پێی خەڵکی سەقز، لە سێ هەفتە پێشەوە (سەرەتای مانگی پووشپەڕی ۲۷۲۶) دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، لە دۆخێکی نادیار و بێخەبەریی تەواودا دەگوزەرێنێت.

جێگەی ئاماژەیە کە، بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەی مستەفایی بۆ ئاگاداربوون لە شوێنی ڕاگرتن، بارودۆخی تەندروستی و تۆمەتە پاڵدراوەکان دژی ناوبراو تا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە و ئۆرگانە ئەمنییەکان لە سەقز لە پێدانی وەڵامێکی ڕوون خۆدەبوێرن.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە