کرماشان؛ ڕاپۆرتێک لەسەر بەردەوامی دەستبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ئومید باقری، وێنەگر و چالاکی مەدەنی

٢٧ سەرماوەز ٢٧٢٥، ٢١:٥٢

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٥

ئومید باقری، وێنەگر و چالاکی مەدەنی کورد و خەڵکی شاباد لە پێنج ڕۆژ پێشەوە لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراوە و هەتا ئێستا زانیارییەک لە چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی ٥ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی ئومید باقری، ٣٧ ساڵە و خەڵکی شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە، هەتا ئێستا هەواڵێک لە چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

ئومید باقری ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (١٤ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، لە کاتێکدا کە لە کرماشان بۆ پاوە چووە لە خاڵێکی پشکنیندا بە شێوەی کاتی ڕاگیراوە و دواجار بە بەکار هێنانی توندووتیژی دەستبەسەر کراوە.

ئەم چالاکە مەدەنییە لە کاتی دەستبەسەر کرانەوە هەتا ئێستا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی، وەک مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و دەست پێڕاگەیشتن بە پارێزەر، بێبەش کراوە و هیچ جۆرە زانیارییەک لە چارەنووس و شوێنی هەڵگرتنی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئومید باقری و ڕۆیشتن بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان بۆ زانینی دۆخی چارەنووس و دۆخی سەلامەتی ناوبراو، ئەم ناوەندە حکومەتییە هەتا ئێستا لە وڵام دانەوەیەکی ڕوون لەم بارەوە خۆیان دەبوێرن.

شایانی باسە کە، ئەم هاووڵاتییە پێشتریش لە ساڵی ٢٧٢٤ لە پەیوەندی لەگەڵ بەشداری لە بۆنە تایبەتەکان بەتایبەت نەورۆز لە کوردستان و وێنەگری لەم بۆنانە دەستبەسەر و بە دۆسیەسازی ئەمنییەتی و تۆمەتی «پڕۆپاگەندە دژی نیزام» سزای شەش مانگ دەستبەسەر کرانی بە سەردا سەپابوو.

ئومید باقری لە گۆڕەپانی وێنەگری موستەنەد و چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی بەشدارییەکی بەردەوام و کاریگەری بووە و لە ڕێگەی ساڵانێک چالاکی کۆمەڵایەتی، وەکوو یەکێک لە ڕووخسارە ناسراوەکان و خۆشناوەکان لە پارێزگای کرماشان دەناسرێ.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە