سەقز: بڕیاری دەستبەسەرکرانی کاتیی مستەفا حەمدی مانگێک درێژ کرایەوە

١٤ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٨:٠٥

هەنگاو: هەینی، ١٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

دوای تێپەڕبوونی ٢۵ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی مستەفا حەمدی، چالاکی بواری ڕاگەیاندن و خەڵکی شاری سەقز، وەزارەتی ئیتلاعات ڕێگری لە ئازادیی کاتیی ناوبراو دەکات و بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژ کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ مستەفا حەمدی، چالاکێکی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاری سەقز، دوای تێپەڕبوونی ماوەی ٢۵ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردن و ڕاگرتنی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، ماوەی دەستبەسەربوونی بۆ مانگێکی دیکە درێژ کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوە نزیکەکانی بنەماڵەی حەمدی، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەسەر چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە و دابینکردنی بارمتەی پێویست کە لە لایەن ئیتلاعاتی سەقزەوە داوا کراوە، ڕێگری لە ئازادیی کاتیی ناوبراو کراوە.

مستەفا حەمدی، بەڕێوەبەری لاپەڕەی "پرسمان" لە سەقز، ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٧ی ئەپریلی ٢٠٢٤) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە تەلاری میلادی ئەو شارە، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران" دەستبەسەر کراوە.

ئەو ڕاگەیاندنکارە پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری سەقزەوە بە کۆی گشتی ٢ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە کە سزاکەی بۆ ماوەی ١۶ مانگ کەم کراوەتەوە.

شایانی باسە کە ناوبراو و چوار چالاکی دیکەی ڕاگەیاندن لە مانگی ڕەزبەری ٢٧١٩ لەسەر سکاڵای سەرۆکی شارەوانیی پێشووی شاری سەقز، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی درۆ، بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لێ کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە