ئیرەج محەممەدزادە ڕۆژنامەنووسی کورد سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا

٥ جۆزەردان ٢٧٢٤، ٠٠:١٣

هەنگاو؛ شەممە ٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

ئیرەج محەممەدزادە ڕۆژنامەنووس و چالاکی خەڵکی جوانڕۆ سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای دوو ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بە بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئیرەج محەممەدزادە، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن لەقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی جوانڕۆ بە سەرۆکایەتی دادوەر هادی چەراغی بە تۆمەتی "تێکدانی ڕای گشتی و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە" سزای دوو ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بە سەردا سەپێندراوە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٧ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، ئیرەج محەممەدزادە ڕۆژنامەنووسی تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی جوانڕۆ دوای ئەوەی کە لەلایەن دادگای ئەو شارە بە بڕیاری داواکاری گشتی بانگ کرا، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

ئیرەج محەممەدزادە لە ڕۆژنامەنووسان چالاکانی ڕاگەیاندن و بەڕێوەبەری کەناڵی تێلێگرامی (تیتر غەرب) و هەروەها خوێندکاری دکتۆرای زانستە سیاسییەکان لەیەکێک لە زانکۆکانی تاران، دوای چوار ڕۆژ دەستبەسەری با دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

جێ ئاماژەیە کە ئیرەج محەممەدزادە ماوەی ٢٥ ساڵە کە خەریکی پیشەی ڕۆژنامەنووسییە و لە ماوەی ساڵەکانی ڕابردوو چەند جارێکیش لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کراوە و هەڕەشە و لێپرسینەوەی لێ کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە