بەندیخانەی سەقز؛ حەفتایەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنی بێهزاد ڕەسووڵی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان
هەنگاو؛ دووشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥
بێهزاد ڕەسووڵی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەقز کە نزیک بە چوار مانگ پێش لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ئیسفەهان دەستبەسەر و دوای چەند هەفتە بێ هەواڵی بۆ بەندیخانەی سەقز گواسترابوویەوە، ئێستا لە حەفتایەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردن بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر گوشارەکان بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانان و بەردەوامیی ناڕوونی دادوەری بەسەر دەبات. بارودۆخی جەستەیی ناوبراو بەرەو خراپی دەڕوات و هەروەها بە بێ دەرچوونی سزا و پێدانی ئازادیی کاتی لە دەستبەسەریدا بەسەریدایە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕیکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بێهزاد ڕەسووڵی تەمەن ٤٢ ساڵ و خەڵکی سەقز، کە لە ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٨ی سێپتەمبەری ٢٠٢٥) لە مانگرتنی خواردن بەسەر دەبات، بە هۆی ناجێگیربوونی بارودۆخی جەستەیی و کەمبوونی بەرچاوی کێشی، بۆ نەخۆشخانەی خومەینی سەقز گواستراوەتەوە، بەڵام لە وەسڵکردنی سیرۆم ڕێگری کردووە و ڕایگەیاندووە تا کاتی پێڕاگەیشتن بە داخوازییەکانی بۆ پێدانی ئازادیی کاتی درێژە بە مانگرتنەکەی دەدات.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی بێزاد رەسووڵی، لە وتووێژ لەگەڵ هەنگاو جەختی کردووەتەوە کە ناوبرار بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ، لە ڕێگای قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن لەگەڵ منداڵەکەی و بەردەوامی دادوەری، درێژە بە مانگرتنەکەی دەدات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە منداڵە بچووکەکەی بێهزاد ڕەسووڵی، مێهرسام ڕەسووڵی، لەگەڵ دایکی بە ناوی میترا تەقیپوور، هاوسەری پێشووی ناوبراو، لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئیسفەهان، تا کاتی نادیار، قەدەغەی چوونەدەرەوە کراون و ئیزنی چاوپێکەوتنی لەگەڵ بێهزاد ڕەسووڵیان نییە.
ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند کە بێهزاد ڕەسووڵی هەروەها لە ناڕوونی و کەرەنتینی بەندیخانەی سەقز ڕادەگیرێ و لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و تەنانەت مافی ڕۆیشتن بۆ حەساری بەندیخانەی ناوەندیی سەقز بێبەش کراوە.
بەردەوامیی مانگرتن لە خواردنی بێهزاد ڕەسووڵی لە کاتێکدایە کە پێشتر ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەزبەی ٢٧٢٤ (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) و هاوکات لەگەڵ سی و سێیەمین ڕۆژی مانگرتنی لە خواردن، ماوەی دەستبەسەرکرانی ناوبراو بۆ ١٢٠ ڕۆژی دیکە درێژ کرایەوە.
شایانی باسە کە ئەم هاووڵاتییە لە تەواوی ماوەی دەستبەسەرکرانەی لە یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئیسفەهان لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆی، وەکوو مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، بێبەش بووە و سەرەڕای سەردانکردنی بەردەوامیی خوشکەکەی بۆ ناوەندە دادوەری و ئەمنییەکان، بنەماڵەکەی لە چارەنووسی ناوبراو بێئاگا بوون.
بێهزاد ڕەسووڵی تەمەن ٤٢ ساڵ ڕۆژی شەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٢٦ی ژووئێنی ٢٠٢٥) کاتێک بۆ بینینی منداڵەکەی ڕۆیشتبووە ئیسفەهان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانە لە ئیسفەهان دەستبەسەر کرا.