سەقز؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی کەیوان ڕەحیمی، چالاکی کۆمەڵایەتی

٢٣ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٠٩:١٢

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیک بە دوو حەفتە لە دەستبەسەرکرانی کەیوان ڕەحیمی، چالاکی کۆمەڵایەتی و لە چالاکانی میدیایی خەڵکی سەقز زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٣ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی کەیوان ڕەحیمی، چالاکی میدیایی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی سەقز، زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی لەو بوارەدا بێ ئاکام ماوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەکان لە وەڵامدانەوەیەکی ڕوون بەو بنەماڵەیە خۆدەبوێرن.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا هەواڵی دەستبەسەرکرانی کەیوان ڕەحیمی لەگەڵ براکەی کامران ڕەحیمی، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سەقز، لە ڕێکەوتی دووشەممە ١٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢٩ی ئەپریلی ٢٠٢٤) ڕاگەیاندبوو. کامران ڕەحیمی دوای تێپەڕبوونی سێ کاتژمێر لە کاتی دەستبەسەرکرانەکەی، ئازاد کرابوو.

کەیوان ڕەحیمی پێشتر لە ڕێکەوتی ١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، دوای پێداگری لەسەر مەدەنی بوونی چالاکییەکانی هێرۆ قەدیمی، شێرکۆ حیجازی و ئازاد ئەمینی و داواکاری لەسەر کۆتایی هێنان بە دەستبەسەرکرانی کاتیی ئەو هاووڵاتییانە لە کاناڵی تێلێگرامی "پرسمان سقز"، کە خۆی یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو کەناڵە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە