شنۆ؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران، ئەشکەنجەدان و نەشتەرگەری بۆ محەممەد پەیغامی بەبێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی
هەنگاو؛ هەینی ۱۲ی بەفرانباری ۲۷۲۵
هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی شاری شنۆ بەناوی محەممەد پەیغامی لە سێ حەوتوو پێشترەوە دەستبەسەر کراوە و لە ئاکامی ئەشکەنجەدانی لە دەستبەسەرگەدا تووشی جەڵتەی دڵ بووە. ئەو هاووڵاتییە بەبێ زانیاریی بنەماڵەکەی بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ئورمیە گواستراوەتەوە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە. ناوبراو لە دیلەکانی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراقە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەممەد پەیغامی، هاووڵاتیی تەمەن ۶۰ ساڵی خەڵکی شاری شنۆ ڕۆژی یەکشەممە ۲۳ی سەرماوەزی ۲۷۲۵ (۱۴ی دیسەمبەری ۲۰۲۵)، لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری لە شەقامی سەیداوێ دەستبەسەر کراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی ۲۰ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی، تا ئێستاش لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشە و سەرەڕای ئەوەی تووشی جەڵتەی دڵ بووە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە، بنەماڵەکەی نەیانتوانیوە چاویان پێی بکەوێت.
بە گوێرەی زانیارییەکان، محەممەد پەیغامی لە بەندیخانە لەژێر ئەشکەنجە و گوشار داندراوە و لە ئاکامی کێشە و وەستانی دڵ، زیاتر لە چوار ڕۆژ لەژێر چاودێریی تایبەتی پزیشکە پسپۆڕەکان لە نەخۆشخانەکانی سەیەدەلشوهەدای ئورمیە و شەمس خەوێندراوە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە.
نەشتەرگەریی ئەو هاووڵاتییە بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی و لەژێر چاودێریی ناوەندە حکومەتییەکان ئەنجام دراوە.
ناوەندە حکومەتی و سەربازییەکان لە سازکردنی دۆسیە بۆ ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕۆڵیان هەبووە و هەڵسوکەوتیان دەیسەلمێنێت کە ئامانجی سەرەکییان، سازکردنی دۆسیە بەبێ هۆکارێکی ڕوون بووە.
بە پێی بەڵگەکان، دادگا تۆمەتی هاوکاری و ئەندامەتی لە حیزبە کوردستانییەکانی داوەتە پاڵ ناوبراو و لقی یەکی لێپرسینەوەی دادگای شۆڕشی شنۆ بەبێ دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە سزای دوو مانگ دەستبەسەربوونی کاتیی بەسەردا سەپاندووە.
شایەنی باسە کە، محەممەد پەیغامی لە دیلەکانی شەڕی نێوان ئێران و عێراق بووە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە کەسوکاری ناوبراو بە تۆمەتی چالاکی سیاسی دەستبەسەر کراون و سزای قورسی بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.