ئیسفەراین؛ ڕاپۆرتێک لەسەر بەردەوامیی دەستبەسەرکرانی عەلی بەبری و مەترسیی سەپاندنی سزای قورس بەسەر ناوبراو

٢٩ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ١٣:٣٦

 

هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۹ی ڕێبەندانی ۲۷۲۵

عەلی بەبری، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری ئیسفەراین سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور، لە ۳۷ ڕۆژ پێشەوە لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. به گوێرەی زانیارییەکان مەترسیی سەپاندنی سزای قورس بەسەر ناوبراودا لە ئارادایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۲۲ی ڕێبەندانی ۲۷۲۵ (۱۲ی جەنیوەریی ۲۰۲۶)، عەلی بەبری، تەمەن ۲۱ ساڵ و خەڵکی ئیسفەراین، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی، بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرا.

ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێی عەلی بەبری سەبارەت بە ناساندنی ناوبراو بە «بکوژی شەهیدی ئەمنییەت لە ئیسفەراین» لە میدیای دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران و میدیا پەیوەندیدارەکان بە حکومەت بڵاو کراوەتەوە و نیگەرانیی لەسەر چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە لێ کەوتووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عەلی بەبری بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەشکەنجە دراوە.

شایەنی باسە کە، ئەو هاووڵاتییە تا ئێستا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و تەنیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە