بیجاڕ؛ سۆران فەیزیزادە یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەژێر ئەشکەنجەدا کوژرا
هەنگاو، هەینی ٢٦ی بەفرانباری ٢٧٢٥
سۆران فەیزیزادە، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەقز و دانیشتووی بیجاڕ، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییەدا دەستبەسەر کرا و بەهۆی ئەشکەنجەی سەختی دامودەزگا سەرکوتکەرە حکومەتییەکانەوە گیانی لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سۆران فەیزی هاووڵاتیی تەمەن ٤٠ ساڵی خەڵکی سەقز کە ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٧ی ژانوییەی ٢٠٢٦) لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی بیجاڕدا دەستبەسەر کرابوو، لە یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئەو شارەدا لەژێر ئەشکەنجەی هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکاندا کوژراوە. هاوژینیناوبراو خەڵکی بیجاڕ بووە و ماوەی ٧ ساڵ بووە کەنیشتەجێی ئەو شارە بوون.
هەنگاو لە وتوێژێکدا لەگەڵ سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی سۆران فەیزیزادە، زانیویەتی کە دامودەزگا ئەمنییەکان ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانبار لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا مەرگی ناوبراویان بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە. ئەم کەسە لە زمان بنەماڵەکەیەوە جەختی کردەوە کە تەرمی ئەم هاووڵاتییە بەهۆی ئەشکەنجە و لێدانی زۆرەوە، بە زەحمەت ناسراوەتەوە.
ئەم سەرچاوەیە هەروەها بۆ هەنگاو پشتڕاستی کردەوە کە سۆران خێزاندار و دانیشتووی بیجار بووە و لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا دەستبەسەر کراوە و لە ماوەی ڕۆژانی دەستبەسەریدا سەرەڕای بەدواداچوونەکانی هاوژینەکەی دامودەزگا ئەمنییەکان هیچ وەڵامێکیان بەو بنەماڵەیە نەداوەتەوە.
بنەماڵەی سۆران فەیزیزادە وەک زۆرێک لە بنەماڵەکانی دیکە بە پێدانی پارە تەرمی ڕۆڵەکەیان وەرگرتووەتەوە و لەژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز، بەبێ ئەنجامدانی هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێک بە خاکیان سپاردووە.