ڕاپۆرتی تایبەتی هەنگاو؛ کەڵکوەگرتن لە پەتی سێدارە، هەڕەشە و بەکارهێنانی توندوتیژیی جەستەیی و ڕەگەزی بۆ دانپێدانان لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥
هەنگاو؛ شەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە وتووێژ لەگەڵ هەندێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ٢٧٢٥ کە بەم دواییانە ئازاد کراون، زانیویەتی کە دوای ئەوەی بە شێوەی بەکۆمەڵ دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنی نادیار کە هەندێکیان تەنانەت دەستبەسەرگەش نەبوون گواستراونەتەوە، لەم شوێنانەدا لەگەڵ شێوازی جیاوازی ئەشکەنجەی توند بۆ دانپێدانانی خێرا بەرەوڕوو بوونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان و ئەو زانیارییانەی کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە وتووێژ لەگەڵ کەسانی جیاوازدا بەدەستی هێناوە، جیا لە نادیاربوونی شوێنی ڕاگرتنی دەستبەسەرکراوان، ئەوان بە شێوازی جۆراوجۆری ئەشکەنجە لە ئاستی لەسێدارەدانی نواندنی، توندوتیژیی ڕەگەزی و هەڕەشەی دەستدرێژی کراونەتە ئامانج و لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا چەندین جار ئەم ئەشکەنجە هۆڤانانە بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ دژیان بەکار هێنراوە.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو، دەستبەسەرکراوان کە بەشێکی زۆر و بەرچاویان لە تەمەنی مێردمنداڵی و گەنجیدان و لە ڕەگەزی جیاوازن، کراونەتە ئامانجی توندوتیژیی ڕەگەزی و تەنانەت هەڕەشەی دەستدرێژی، و بە هەڕەشەی جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە کاتژمێر چوار تا پێنجی بەیانی، دانپێدانانی زۆرەملێ و ڤیدیۆییان لێ وەرگیراوە.
یەکێک لە سەرچاوەکانی هەنگاو لەم پێوەندییەدا وتی: «گوشاریان دەخستە سەرمان کە دان بەوەدا بنێین سیخوڕین و دەمانەوێت ئەم زانیارییانە بۆ کەناڵەکانی دەرەوەی وڵات بنێرین.» ئەو لە درێژەدا وتی: «ئازاریان دەداین، چاوەکانمی بەست و وتی جلەکانت دابکەنە و دواتر دەیوت تۆ بۆ پاسداران حەڵاڵیت. هەستم دەکرد کەسێک دەستم لێ دەدات. پەتەکەیان دەخستە دەوری گەردنم و دەیانوت ئێستا کە نانووسیت بەبێ دادگاییکردن لەسێدارەت دەدەین».
هەنگاو لە وتووێژ لەگەڵ چەند کەس لە دەستبەسەرکراواندا تێگەیشتووە، هێزە سەرکوتکەرەکان، ژنان و پیاوانیان پێکەوە دەستگیر کردووە و بۆ شوێنی نەناسراو گواستوویاننەتەوە و دواتر لەو شوێنەدا، ژنان و پیاوانیان لە یەکتر جیا کردووەتەوە و بۆ دەستبەسەرگەکان گواستوویاننەتەوە.
زۆربەی ئەو کەسانەی کە هەنگاو وتووێژی لەگەڵ کردوون، باسیان لە ئەنجامدانی ئەشکەنجەی توند کردووە، بەتایبەت کە بەرگەگرتنی بەشە دەروونییەکەی ئەم ئەشکەنجانە زۆر سەخت بووە.
ئەم دەستبەسەرکراوانە دەڵێن، لێکۆڵەرەکان داوایان لێ دەکردین دان بەوەدا بنێین کە هەڵخەڵەتێندراوین، پارەمان لە کەسانێک بە ناوی دیاریکراوەوە کە مەبەستی ئەوان بووە وەرگرتووە، ماددەی هۆشبەرمان بەکار هێناوە و بە کەناڵەکانی دەرەوەی ئێرانەوە گرێدراوین. بۆ وەرگرتنی ئەم دانپێدانانە دەستیان بۆ هەر ئەشکەنجەیەک بردووە. لە لێکۆڵینەوە لە کاتی ڕاکێشان لەبەردەم لێکۆڵەردا، تا بردنە دەرەوەی هاوژوورییەکان و نواندنی ئەوەی کە فیشەکی خەلاسییان لێ داوە. لە گواستنەوەی کەسەکان بۆ ژوورەکانی سێدارە لە کاتەکانی بەیانیدا و لێدانی هاوکاتی دەنگی بانگ و خستنی پەتی سێدارە بۆ دەوری گەردنی دەستبەسەرکراوان تا هەڕەشەی دەستدرێژیی بەکۆمەڵ.
یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکان بە هەنگاوی وت: «لە ڕۆژانی کۆتاییدا دڵۆپەیەکیان کردە ناو چاوەکانم و وتیان ئەسیدە و بەم زووانە کوێر دەبیت. بەم شێوەیە بوو کە دانم بە هەرچییەکدا نا کە وتیان و دواتر بە بارمتە ئازاد کرام». ئەو کەسانەی کە دوای دەستبەسەرکردن و بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و هەنگاو توانیویەتی وتووێژیان لەگەڵ بکات، ڕایانگەیاندووە کە ئەم ئازادکردنە کاتییانە بە دانانی بارمتەی زۆر قورس ئەنجام دراون.
زۆرێک لەو دەستبەسەرکراوانەی کە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥ بەتایبەت لە شارە گەورەکان ڕفێندراون، لە سەرەتادا بۆ دەستبەسەرگە و بەندیخانە فەرمییەکان نەنێردراون، و شوێنی ڕاگرتنی ژمارەیەک لەوان لە سەرەتادا بەناو ماڵە ئەمنییەکان و هۆڵە نادیارەکان بووە و دواتر بۆ دەستبەسەرگە فەرمییەکان گواستراونەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە وتووێژە جۆراوجۆرەکاندا تێگەیشتووە کە کەڵکوەگرتن لە هەڕەشەی سێدارە و تەنانەت نواندنی لێدانی فیشەکی خەلاسی لە پێوەندی لەگەڵ هاوژوورییەکان، لە شێوازەکانی ئەشکەنجەی کۆماری ئیسلامی بووە بۆ دانپێدانان لەم خولەی ناڕەزایەتییانەدا کە زۆرێک لە کەسەکان دوای بەکارهێنانی ئەم جۆرە ئەشکەنجانە ناچار بە دانپێدانان دژی خۆیان و کەسانی دیکە بوون.
بەپێی دەستکەوتەکانی هەنگاو، کۆماری ئیسلامی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥دا بە دەستبەسەرکردنی بەربڵاو و بەکارهێنانی شێوازەکانی دەرلە یاسا تەنانەت بە نیسبەت دەزگای دادوەریی خودی کۆماری ئیسلامی و بەکارهێنانی زۆرترین جۆری ئەشکەنجە لە دەستبەسەرگەکاندا کە هەندێک جار شوێنەکەشیان ڕوون نییە و لێکۆڵەر و پێئەسپێردراوەکان لە پارێزراویی یاسایی بەهرەمەندن، خەریکی ئەنجامدانی ڕەهەندگەلێکی دیکە و بەربڵاوتری تاوانە.
بەپێی ئامار و بەڵگە بەردەستەکان لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئەم دواییەی ئێرانەوە زیاتر لە سی هەزار هاووڵاتی لە شارە جیاجیاکان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە تا ئێستا ناسنامەی هەزار کەس لەم کەسانە بۆ هەنگاو پشتڕاست کراوەتەوە کە لە نێوانیاندا ١٢٠ ژن و ٦٥ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ هەن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە پێوەندی لەگەڵ ناڕوونیی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە ژمارە، ناو و شوێنی دەستبەسەرکراوان، بەکارهێنانی ئەشکەنجەی جەستەیی، دەروونی و ڕەگەزی بۆ شکاندنی ناڕەزایەتییان کە زۆربەیان گەنج و بێ ئەزموونن لە لێکۆڵینەوەکاندا، هەروەها لە پێوەندی لەگەڵ خستنەژێر گوشاری بنەماڵەکان بۆ بڵاونەکردنەوەی زانیاری هۆشداریی جدی دەدات و لە بنەماڵە و دۆستانی کەسانی دەستبەسەرکراو دەخوازێت، سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی ئەندامانی بنەماڵە و ناسیاوەکانیان زانیاری بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بدەن.