ئیلام؛ دەستبەسەرکرانی توندوتیژانەی مێهدی کەریمی و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانە زۆرەملێی ناوبراو لەژێر ئەشکەنجەدا

٣١ جۆزەردان ٢٧٢٦، ١٨:٥٠

هەنگاو؛ یەکشەممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٦

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پارێزگای ئیلام، مێهدی کەریمی، هاووڵاتیی خەڵکی مەلەکشاهی و یەکێک لە هێماکانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ئەو شارە، دوای دەستبەسەرکران بە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژی خۆی کراوە و ڤیدیۆیەک لە دانپێدانانە زۆرەملێکەی لەلایەن میدیاکانی حکومەتییەوە بڵاو کراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (١٨ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات مێهدی کەریمی هاووڵاتیی کورد و خەڵکی خەڵکی مەلەکشاهییان لە شاری مێهران بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیار گواستیانەوە.

جێگای ئاماژەیە که، لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥ لە شاری مەلەکشاهی، وێنەیەک لە مێهدی کەریمی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەوە کە ناوبراوی لەسەر کورسییەک لەبەردەم بینای فەرمانداری ئەم شارە نیشان دەدا و ئەم هاووڵاتییە دوای بڵاوبوونەوەی ئەم وێنەیە ماوەی ٤ مانگ لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە لەژێر چاودێریدا بوو.

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مێهدی کەریمی لە کاتی دەستبەسەرکراندا بە توندی لێدراوە و ڤیدیۆیەک لە دانپێدانانە زۆرەملێکانی بڵاو کراوەتەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە، پێشتر وەزارەتی ئیتلاعات لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، هەواڵی دەستبەسەرکرانی لانیکەم ١٧ هاووڵاتی لە پارێزگای ئیلامی دابوو کە لەو بەیاننامەیەدا، لە مێهدی کەریمی بە ناوی خوازراوی «مێهدی-ک» ناو برابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە