بەندەرعەباس؛ نیما جەعفەری، هاووڵاتیی کورد دوای دەستبەسەرکران لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا
هەنگاو، هەینی ٢٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
نیما جەعفەری، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئەیوان سەر بە پارێزگای ئیلام، دوای ئەوەی حەوتووی ڕابردوو لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە بەندەرعەباس دەستبەسەر کرا، لەژێر ئەشکەنجەی توندی هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کوژرا. ئەم ناوەندە حکومەتییە بنەماڵەی جەعفەرییان خستووەتە ژێر گوشارەوە تاوەکوو هۆکاری مردنەکەی بە خۆکوشتن ڕابگەیەنن.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٦ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، نیما جەعفەری، هاووڵاتیی تەمەن ٢٢ ساڵی کورد و خەڵکی گوندی "سەرتەنگ"ی سەر بە شاری ئەیوانی پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی بەندەرعەباسەوە دەستبەسەر کرا و دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە سەرکوتکەرەدا، کوژرا. تەرمی ئەم گیانبەختکردووە بە چاودێریی ئۆتۆمبێلەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات بۆ زێدەکەی واتە ئەیوان گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی جەعفەری، دوێنێ ئیدارەی ئیتڵاعاتی بەندەرعەباس پەیوەندییان بە بنەماڵەی جەعفەرییەوە کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان سەردانی بەندەرعەباس بکەن. ئەوان بە بنەماڵەی ئەم گەنجەیان وتووە کە نیما خۆی کوشتووە.
هەنگاو زانیویەتی کە تەرمی نیما جەعفەری دوای تێپەڕاندنی قۆناغە یاساییەکان لە بەندەرعەباس، لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕێبەندان ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و بەیانی هەینی ٢٤ی ڕێبەندان لە ئەیوانغەرب بە خاک دەسپێردرێت.
هەنگاو ئاگادارکراوەتەوە کە هێزە ئەمنییەکان، گەڕاندنەوەی تەرمی نیما جەعفەری لەلایەن بنەماڵەکەیەوە لە بەندەرعەباسەوە تا ئەیوان، خستووەتە ژێر چاودێریی توندەوە.
سەرچاوەکانی هەنگاو جەخت دەکەنەوە کە بنەماڵەی ئەم گەنجە کوژراوە سەبارەت بە میدیایی کردنەوەی هەواڵی کوژرانی حکومەتیی کوڕەکەیان بە توندی هەڕەشەیان لێکراوە و لە ئەگەری ڕاگەیاندنی هۆکاری مردنی کوڕەکەیان، دەبێ بڵێن کە خۆی کوشتووە.
ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتر بۆ ماوەی دوو ساڵ وەک ئەندامی حیزبی کۆمەڵەی کوردستان لە هەرێمی کوردستاندا چالاکیی هەبووە. ناوبراو پێش بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لەو حیزبە جیابووەتەوە و گەڕاوەتەوە بۆ زێدەکەی.
نیما جەعفەری دوای دوو ساڵ و گەڕانەوەی بۆ ئێران، لە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا چالاکیی هەبووە و هەر بەو هۆیەشەوە دەستبەسەر و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرابوو.
ناوبراو وەک ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی دیکەی کورد لە ئیلام، بەهۆی نەبوونی هەلی کار لەو پارێزگایەدا، چووبووە بەندەرعەباس و لە ئەسکەلەی ڕەجاییشار خەریکی کرێکاری بوو.
بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە ئێران، دوو کەس لە هاووڵاتییانی کورد دوای دەستبەسەرکران و لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست داوە. سۆران فەیزیزادە هاووڵاتیی خەڵکی سەقز، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە شاری بیجاڕ دوای دەستبەسەرکران و بەهۆی لێدان و کوتانەوە گیانی لەدەست دا.