هێرشی دڕۆنی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی ئازادی کوردستان لە نزیک هەولێر و گیانبەختکردنی پێشمەرگەیەک

١ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ١٥:٣٢

هەنگاو، چوارشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥

لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی و دڕۆنی کە وێدەچێت کۆماری ئیسلامی ئێران و هێزە و گرووپەکانی سەر بەو وڵاتە لە عێراق ئەنجامیان دابێت، یەکێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی ئازادی کوردستان گیانی لە دەست داوە و یەکێکی دیکە بریندار بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیوەشەوی ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٢١ی جەنیوەریی ٢٠٢٦)، مزەفەر محەممەد زادە، لە پێشمەرگەکانی بەشی پشتیوانی و لۆجەستیکی حیزبی ئازادی کوردستان (پاک) گیانی لە دەست داوە و ئەندامێکی دیکەی ئەم حیزبە بریندار بووە.

بە وتەی بەرپرسانی حیزبی پاک و هەرورها میدیاکانی هەرێمی کوردستان، لەم هێرشەدا سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و یەک ڕاکێدی مووشەک هاویشترابوو کە یەکێک لە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان لە نزیکی ماڵەکانی گوندی “کەورەسوور” سەر بە پارێزگای هەولێر کەوتووەتە خوارەوە و تەقاوەتەوە.

حیزبی ئازادی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا کۆماری ئیسلامی ئێران وەک ئەنجامدەری ئەم هێرشە ناو دەبات، بەڵام بە شێوەی ڕوون ئاماژەی بە شوێنی هاویشتنی موشەک و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی نەکردووە. ئەم ئەگەرەیش بوونی هەیە کە گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسداران لە عێراق بەڕێوەبەری ئەم هێرشانە بن.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە