یەکەمین ئەرشیڤی فیزیکیی کۆمەڵکوژیی ٢٧٢٥ لەلایەن ڕێکخراوەکانی «ماڵا کورد» و هەنگاو بە شێوەی پێشانگایەکی سەرشەقام پێشکەش کرا

١٦ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ٢٣:١١

هەنگاو، ١٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥

ئەنجومەنی کوردی ـ بەلجیکیی «ماڵا کورد» بە هاوکاریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕێکەوتی ٢٩ی ژانویەی ٢٠٢٦ (٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥) پێشانگایەکی لە گۆڕەپانی «مۆنت پلن»ی برۆکسل و هەروەها لە بەردەم باڵەخانەی پەرلەمانی ئەورووپا لەو شارەدا، وەک هاوپشتییەک لەگەڵ «گیانبەختکردووان»ی بەربڵاوی کۆمەڵکوژیی ئێران لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥ بەڕێوە بردووە.

ئەنجومەنی «ماڵا کورد» لەم پێشانگا سەرشەقامییەدا لەگەڵ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ناو و وێنەی کوژراوانی ئەم ناڕەزایەتییانەیان لەو مەیدانەدا بۆ ڕای گشتی خستووەتە ڕوو.

ئامانج لە بەڕێوەبردنی ئەم پێشانگایە، ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ڕەهەندەکانی کۆمەڵکوژی، سەرکوت و توندوتیژیی حکومەتی ئێران بۆ کپکردنی ناڕەزایەتییەکانە

ئەنجومەنی «ماڵا کورد» بە هاوکارییەکی نزیک لەگەڵ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە کاتی ئەم پێشانگا سەرشەقامییەدا ڕایگەیاندووە کە «یەکەمین ئەرشیڤی فیزیکیی ئەم کۆمەڵکوژییە نوێیە» پێشکەش دەکات.

ئەم چالاکییەی ڕێکخراوی «ماڵا کورد» و «هەنگاو» لە کۆڕەپانی مۆنت پلن یەکەمین ئەنجامی ئەم «ئەرشیڤە فیزیکییە» بوو کە بۆ چەند ڕۆژێکی یەک لە دوای یەک بەردەوام بوو و دواتر بۆ بەردەم باڵەخانەی پەرلەمانی ئەورووپا گواسترایەوە.

سەجاد کەریمی لە ئەندامانی ئەنجومەنی «ماڵا کورد» ڕایگەیاندووە کە تا کۆتایی مانگی فێبریوەری بۆ هەر ڕۆژێکی پێنجشەممە مۆڵەتی بەڕێوەبردنی ئەم پێشانگایەمان وەرگرتووە و پێداگیرین لەسەر ئەوەی تا کۆتایی ناسینەوەی ناسنامەی دوایین گیانبەختکردووی ئەم کۆمەڵکوژییە، لەم پێشانگا سەرشەقامییە بەردەوام بین.

شایانی باسە کە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تا ئێستا ناسنامەی ١٢٠٠ (هەزار و دووسەد) کەس لە گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی پشتڕاست کردووەتەوە کە لەو ژمارەیە ١١٨ کەسیان ژن و ٨٨ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بوون.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە