پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی ٢٥٧ هاووڵاتیی کورد کە لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥دا کوژراون
هەنگاو؛ هەینی ١٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تا ئێستا توانیویەتی ناسنامەی ٢٥٧ هاووڵاتیی کورد کە لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی مانگی بەفرانباردا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە کوژراون، پشتڕاست بکاتەوە کە ١٩ ژن و ٢٠ منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵیان تێدایە.
ئەم لیستە لەلایەن تیمی پشتڕاستکرنەوەی هەنگاوەوە پشتڕاست کراوەتەوە و بەم زووانە پڕۆفایلی تایبەتی هەر کامیان لەگەڵ گیانبەختکردووانی دیکە لە سەرتاسەری ئێران لە بەشی "بنکەی زانیاریی گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥" بڵاو دەکرێتەوە.
کورتەیەک لە ئاماری پێوەندیدار بە ناسنامەی ٢٥٧ هاووڵاتیی کوردی کوژراو:
ـ لانی کەم ٢٠ منداڵی خوار ١٨ ساڵ کوژراون
ـ لانی کەم ١٩ ژن کوژراون
ـ لانی کەم ٢٩ کەس لە پەیڕەوانی کەمینەی ئایینی یارسان کوژراون
ـ لانی کەم ١٠ خوێندکار کوژراون
ـ لانی کەم ٥ پزیشک، پەرستار و پزیشکی ددان کوژراون
ـ لانی کەم ٢ ئەندازیار و ١ مامۆستا کوژراون
خاڵە گرنگەکان لەسەر ئامارەکە:
ـ کوژراوەکان خەڵکی ٦٧ شاری جیاواز بوون
ـ زۆرترین هاووڵاتی بە تۆمارکردنی ٨٩ حاڵەت لە پارێزگای کرماشان کوژراون
ـ زۆرترین هاووڵاتیی گیانبەختکردوو بە تۆمارکردنی ١٤٥ حاڵەت خەڵکی پارێزگای کرماشان بوون
ـ لانی کەم ٢٢٤ کەس لە هاووڵاتییان لە ماوەی دوو ڕۆژدا (١٨ و ١٩ی بەفرانبار) کوژراون.
جیاکردنەوەی هاووڵاتییە گیانبەختکردووەکان بەپێی ئەو پارێزگایەی تێیدا کوژراون:
پارێزگای کرماشان: ٨٩ گیانبەختکردوو
پارێزگای تاران: ٧٠ گیانبەختکردوو
پارێزگای ئەلبورز: ٣٢ گیانبەختکردوو
پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی: ١٦ گیانبەختکردوو
پارێزگای ئیلام: ١٣ گیانبەختکردوو
پارێزگای خۆراسانی باکوور: ١٠ گیانبەختکردوو
پارێزگای قەزوین: ٥ گیانبەختکردوو
پارێزگاکانی کوردستان (سنە)، گیلان و لوڕستان: هەر کامیان ٤ گیانبەختکردوو
پارێزگاکانی ئەسفەهان، مەرکەزی، هورمزگان و هەمەدان: هەر کامیان ٢ گیانبەختکردوو
پارێزگاکانی مازەندەران و خوزستان: هەر کامیان ١ گیانبەختکردوو
جیاکردنەوەی گیانبەختکردووەکان بەپێی پارێزگای لەدایکبوون:
پارێزگای کرماشان: ١٤٥ گیانبەختکردوو
پارێزگای ئیلام: ٢٢ گیانبەختکردوو
پارێزگای کوردستان (سنە): ٢٠ گیانبەختکردوو
پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی: ١٩ گیانبەختکردوو
پارێزگای خۆراسانی باکوور: ١٣ گیانبەختکردوو
پارێزگای ئورمیە: ٩ گیانبەختکردوو
پارێزگای هەمەدان: ٩ گیانبەختکردوو
پارێزگای لوڕستان: ٧ گیانبەختکردوو
پارێزگای قەزوین: ٥ گیانبەختکردوو
پارێزگای گێڵان: ٤ گیانبەختکردوو
پارێزگای تاران: ٣ گیانبەختکردوو
پارێزگای ئەلبورز: ١ گیانبەختکردوو
ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە ئێران لە ڕێکەوتی ٧ی بەفرانباری ٢٧٢٥ و لە دوای مانگرتنی کاسبکاران و بازاڕییان لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی بێسەروبەری نرخی دۆلار لە تاران دەستی پێ کرد و سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە. ئەم ناڕەزایەتییانە بە خێرایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە بەرەو توندوتیژی برا و خۆپیشاندەرانیان لە شەقامەکاندا دایە بەر دەستڕێژی فیشەک، بە جۆرێک کە بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تا ئێستا ناوی ١٢٥٠ کەس لەو ناڕازییانەی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە کوژراون، پشتڕاست کراوەتەوە. هەنگاو بە شێوەیەکی بەردەوام و ڕۆژانە خەریکی تۆمارکردن و پشتڕاستکردنەوەی ئەم لیستەیە.