ڕاپۆرتی گشتیی هەنگاو لەسەر کوشتنی ناڕازییان لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکان، پچڕانی ئینتەرنێت و بارودۆخی دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە لێکۆڵینەوە و بەگوێرەی وتووێژ لەگەڵ بنەماڵەی کوژراوان، شایەتحاڵان و ڕاپۆرتەکان لە نێوخۆی ئێران بە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێکی گشتی هەوڵ دەدات وێنەیەک لە بارودۆخی سەرکوتی توندوتیژانە لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزاییە جەماوەرییەکان لە تەواوی ئێران بخاتە ڕوو، وێڕای ئەوەی جەخت لەوە دەکاتەوە کە زیاتر لە حەڤدە ڕۆژە کە دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێتی ئازاد بە تەواوی لە ئێران پچڕاوە و هاووڵاتییان لەو کەشە ئەمنییەدا لە مافی ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخ، پەیوەندیگرتن و پرسە و ماتەمگێڕی بۆ کوژراوان بێبەش کراون. هەنگاو پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ڕەوتی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی دژ بە خۆپیشاندەران بەپێی مافە نێودەوڵەتییەکان و یاسای دیوانی تاوانەکان، سەلمێنەری ڕوونی «تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی»یە و ناوەندە سەربەخۆ و نێودەوڵەتییەکان پێویستە دەستبەجێ سەبارەت بە ئاشکراکردنی زیاتری قەبارەی کوژرانی ناڕازییان هەنگاو بنێنەوە.
بەپێی زانیارییە تۆمارکراوەکان لە لایەن ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەم ڕێکخراوە بەراورد دەکات لە ڕەوتی ناڕەزاییەکانی ئەم دواییانەدا، لانی کەم سێ هەزار کەس لە هاووڵاتییانی سڤیل و خۆپیشاندەران گیانی خۆیان لەدەست داوە و ۵۰۰ کەس لە هێزە سەرکوتکەرەکان کوژراون. سەرەڕای ئەوەش، هەنگاو ژمارەی دەستبەسەرکراوان بە زیاتر لە ۲۰ هەزار کەس لێکدەداتەوە کە زانیاریی زیاتر لەسەر ئەو ئامارە لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا باس دەکرێت. هەروەها بەپێی وتەی شایەتحاڵان، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان بەهۆی بەرکەوتنی گوللەی جەنگی و ساچمەیی بریندار کراون بەڵام بەهۆی ترس لە دەستبەسەرکران، لە سەردانی ناوەندە دەرمانییەکان خۆیان بواردووە.
لەدوای دەستپێکی ناڕەزاییەکان لە ڕۆژی ۷ی بەفرانباری ۲۷۲۵ لە تاران و بەربڵاوبوونەوەی خێرای ئەو ناڕەزاییانە بۆ شارەکانی دیکەی ئێران، هێزە سەرکوتکەرەکان بە کاردانەوەی توندوتیژانە و کەڵکوەرگرتن لە چەکی جەنگی، ناڕەزایەتییەکانیان بە توندوتیژی کشاندووە و ئەو ناڕەزاییە ئاشتیخوازانەیان بە زۆرەملێ سەرکوت کردووە. هەنگاو لە سەرەتای دەستپێکی ناڕەزاییەکان و بە جەختکردنەوە لەسەر ناسینی شێوازی هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرانبەر بە هەرچەشنە ناڕەزاییەک لە نێوخۆی ئەو وڵاتە، هەوڵی تۆمار و بەڵگەمەندکردنی حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی ناڕەزایەتی دەربڕین و شێوازی سەرکوتکردنی هێزە حکومەتییەکانی داوە و دوای پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت و بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوەکانی بەرپرسان و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ڕوو لە ناڕازییان لە ڕۆژانی ۱۸ و ۱۹ی بەفرانبار، سەبارەت بە پێشهاتی تاوانی بەرفراوان و ڕێکخراو لە ڕەوتی پچڕانی ئینتەرنێت ئاگاداری کردوونەتەوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی هەنگاو، هێزە حکومەتییەکان لە سەرجەم ئەو شارانەی کۆبوونەوەی ناڕەزایی بەڕێوە چووە، بەشێوەی هاوئاهەنگ و ڕێکخراو ڕێگای توندوتیژیی بەرفراوان، ڕێکخراوانە و کوشتنی بە ئەنقەستی خۆپیشاندەران لەوان ژنان و منداڵانیان گرتووەتە پێش. ژنێکی دووگیان و منداڵێکی سێ ساڵان لەنێوان کوژراواندا بوون
بەپێی بەراوردی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە تەواوی ئێران لانی کەم ۳۰۰۰ کەس لە هاووڵاتییانی سڤیل لە ڕەوتی ناڕەزاییەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا کوژراون، لەو ژمارە تا ئێستا ناسنامەی ۶۰۰ کەس لە کوژراوان لە لایەن تیمی پشتڕاستکردنەوەی هەنگاو ئاشکرا کراوە. هەروەها هەنگاو ڕایدەگەیەنێت کە لانی کەم ۵۰۰ کەس لە هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکان بریتی لە ئەرتەش، سوپای پاسداران، هێزە ئینتزامییەکان، بەسیج، یەکەی تایبەت و هێزە ئەمنییەکان بە جلوبەرگی مەدەنی کە لە سەرکوتکردنی خەڵک لە شەقامەکاندا ڕۆڵیان گێڕاوە لە ئەنجامی ئەو ناڕەزاییانەدا کوژراون.
هەنگاو بە مەبەستی لێکدانەوەی ئامارەکان لەو زانیارییانە کەڵکی وەرگرتووە کە توانیویەتی پشتڕاستیان بکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە ئاماری نهێنی زۆر سەرتر لەو ژمارانەیە.
وردەکاریی کورت و گرینگ لەسەر ئەو گیانبەختکردووانەی کە ناسنامەیان بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە؛
ـ لانی کەم ۴۴ منداڵی ژێر تەمەن ۱۸ ساڵ کوژراون.
ـ لانی کەم ۶۱ ژن کوژراون.
ـ لانی کەم ۲۷ خوێندکاری زانکۆ و ۲ مامۆستای قوتابخانە کوژراون.
ـ کوژرانی ۱۳۶ هاووڵاتیی کورد تۆمار کراوە.
ـ کوژرانی ۷۶ هاووڵاتیی گیلەک تۆمار کراوە.
ـ کوژرانی ۵۶ هاووڵاتیی لوڕ تۆمار کراوە.
جیاکردنەوەی شوێنی کوژرانی ئەو گیانبەختکردووانەی کە ناسنامەیان بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە، بەپێی پارێزگاکان؛
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، زیاترین ژمارەی ئەو کوژراوانەی کە تا ئێستا ناسنامەیان بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە لە پارێزگاکانی تاران، ئیسفەھان، کرماشان، گیلان، ئەلبۆرز، مەرکەزی و خوراسانی ڕەزەوی تۆمار کراون.
پارێزگای تاران؛ ۱۳۷ کەس
پارێزگای ئیسفەهان؛ ۱۰۱ کەس
پارێزگای کرماشان؛ ۶۵ کەس
پارێزگای گیلان: ۶۲ کەس
پارێزگای ئەلبۆرز؛ ۴۲ کەس
پارێزگای مەرکەزی؛ ۳۵ کەس
پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ۲۶ کەس
پارێزگای مازەندەران: ۱۸ کەس
پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری؛ ١۷ کەس
پارێزگای فارس؛ ۱۴ کەس
پارێزگای هۆرمۆزگان؛ ۱۳ کەس
پارێزگای گوڵستان؛ ۱۲ کەس
پارێزگای ئیلام؛ ١١ کەس
پارێزگای لوڕستان: ۱۰ کەس
پارێزگای هەمەدان؛ ۷ کەس
پارێزگای خووزستان؛ ۶ کەس
پارێزگای بووشێر؛ ٥ کەس
پارێزگای خوراسانی باکوور؛ ۳ کەس
پارێزگای یەزد؛ ۳ کەس
پارێزگای کرمان؛ ۳ کەس
پارێزگای قەزوین؛ ۳ کەس
پارێزگای سنە؛ ۲ کەس
پارێزگای سمنان؛ ۱ کەس
پارێزگای سیستان و بەلووچستان؛ ۱ کەس
پارێزگای قوم؛ ۱ کەس
پارێزگای کۆهگیلوویه و بوویێرئەحمەد؛ ۱ کەس
شایەتحاڵان بە هەنگاویان ڕاگەیاندووە کە، زۆربەی ئەو کەسانەی لەنێو خەڵکەوە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە پێشتر لەسەر بیناکانی دەوروبەری شوێنی کۆبوونەوەکە جێگیر بوون و بە ویستی کوشتنی بە ئەنقەست خەڵکیان داوەتە بەر دەستدڕێژی گوللە.
لەنێوان ئەو حاڵەتانەی بۆ هەنگاو پشتڕاست کراونەتەوە، ئەو هێزانە زیاتر سەر، کەمەر، کەلەکە، شان و دڵ و هەندێک حاڵەتدا گەرووی هاووڵاتییانیان کردووەتە ئامانج.
بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، زۆربەی ئەو خۆپیشاندەرانەی ناسنامەیان ئاشکرا کراوە لە ڕۆژانی پێنجشەممە ۱۸ی بەفرانبار و هەینی ۱۹ی بەفرانباردا کوژراون.
ژمارەیەکی بەرچاو لەوانەی ناسنامەیان ئاشکرا کراوە، دوای ئەوەی کراونەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان، دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە و ئەوانەی بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە بەهۆی قووڵیی برینەکانیان و خوێنبەربوونی سەخت گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی هەندێک لە ڕاپۆرتەکان لە شارەکانی تاران و گیلان، ناوەندەکانی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی ئیزنی گواستنەوەی بریندارانیان نەداوە و ئەو ناڕازییانەی ئەگەری زیندوومانەوەیان لەئارادا بووە بەهۆی خوێنبەربوون و پێنەدانی ئیزنی گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە گیانیان لەدەست داوە.
بنەماڵەی زۆربەی قوربانییان بەتایبەت لە شارەکانی تاران، کەرەج، ئیسفەهان، کرماشان، شاباد، مەشهەد و ڕەشت دوای چەند ڕۆژ گەڕان لەنێوان تەرمەکان لە ساردخانەدا توانیویانە تەرمی کەسوکارانیان ببیننەوە و بیانناسنەوە. هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە زۆربەی بنەماڵەکان لەپێناو وەرگرتنەوەی تەرمی منداڵەکانیان ناچار بە پێبژاردنی پارە لە حەوسەد ملیۆن تا سێ ملیار تمەن یان دانپێدانانی زۆرەملێ لەسەر ئەندامێتی منداڵەکانیان لە هێزی بەسیج و کوشتنیان لە لایەن ناڕازییانەوە کراون.
سەرەڕای دۆخی سەخت و قەیراناوی ناسینەوەی تەرمی کوژراوان لە لایەن بنەماڵەکانیانەوە و ڕادەستکردنەوەی نایاسایی و نامرۆڤانەی ئەو تەرمانە، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە گوشارخستنە سەر بنەماڵەکان، لەسەر بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی گیانبەختکردووان لە بێدەنگیی چڕ و بەڕێوەنەبردنی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی پێداگرییان کردووە کە هەندێک لە بنەماڵەکان لەژێر گوشاردا ناچار بە چوونە ژێر باری ئەو دۆخە کراون و هەندێکی دیکە بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پرسە دژی کۆماری ئیسلامی و خامنەیی دروشمیان کوتووەتەوە.
سەرەڕای ژمارەی زۆری کوژراوان و هەوڵەکان بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەیان، بەپێی وتەی شایەتحاڵان ژمارەیەکی لە ئەژمارنەهاتوو لە خۆپیشاندەران بە گوللەی جەنگی، ساچمەیی و لێدانی باتۆم و قەمە بە سەختی بریندار کراون، ژمارەیەک لەو کەسانە لە ترسی دەستبەسەرکران نەیانتوانیوە سەردانی ناوەندە دەرمانییەکان بکەن و سەرەڕای ئەوەش هەندێک لە پزیشکان و کادری دەرمان لە شارە جیاوازەکان لە وتووێژ لەگەڵ هەنگاودا ڕایانگەیاندووە کە نەخۆشخانە و ناوەندە دەرمانییەکان پڕ بوون لەو بریندارانەی کە بارودۆخی تەندرووستییان ناجێگیرە، بەشێوەیەک کە تەنانەت ڕێکخراوی گواستنەوەی خوێن لە ڕاگەیەندراوەیەک کە لە میدیای دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بڵاو کرایەوە، داوای لە هاووڵاتییان کردبوو کە بۆ پێدانی خوێن سەردانی ناوەندە دەرمانییەکان بکەن.
لە لایەکی دیکەشەوە بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان و بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی دەستبەسەرکراوان، هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەڵسوکەوتی توندوتیژانە و زۆرەملێ هەوڵی دەستبەسەرکردنی ناڕازییان و هەروەها چالاکانی مەدەنی، چالاکانی بواری مافەکانی ژنان و پارێزەرانیان بە ئامانجی «ڕێگریکردن» لە شارە جیاوازەکان، تەنانەت لەو شارانەی هیچ کۆبوونەوەیەک بەڕێوە نەچووە، داوە. درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانەکان لەحاڵێکدایە کە سەرەڕای هەڕەشە جدییەکانی بەرپرسانی ئێران لە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیدا، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆپیشاندەرانی بە ئاژاوەگێڕ ناو بردووە و بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە پێویستە لەگەڵ ئەو کەسانە بەتوندی مامەڵە بکرێت، بەرپرسانی دەزگای دادوەری بەردەوام سەبارەت بە بارودۆخی دەستبەسەرکراوان باس لە ناوەڕۆک و تۆمەتی قورسی وەکوو «موحاربە» دەکەن، لەم دواییانەدا دادیاری تاران کوتویەتی کە دۆسیەی ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوان بە تۆمەتی موحاربەوە بۆ دادگا نێردراوە و دەستبەسەرکراوان بە ئاگاداربوونەوە لە تۆمەتەکەیان و سەپاندنی بڕیاری دابینکردن ڕادەستی بەندیخانەکان کراون. هەروەها باسی لە پێڕاگەیشتنی دەستبەجێ بە دۆسیەی ئەو کەسانە کردووە کە کردەوەکانیان لە چوارچێوەی موحاربەدا ناسێندراوە. ئەو ڕاپۆرتانەی بە هەنگاو گەیشتوون لەسەر هەوڵی کۆماری ئیسلامی بۆ دەستپێکردنی لەسێدارەدرانەکانی ناسراو بە لەسێدارەدرانی سەحرایی و ڕاگەیاندنی هەواڵی لەسێدارەدرانی بەندکراوان لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنی دەدوێن. هەنگاو ڕۆژی هەینی ۱۹ی بەفرانبار، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوەیەک بە ئاماژەدان بە هەڕەشەی بەرپرسان و ناوەندە حکومەتییەکان لەسەر سەرکوتی هاووڵاتییان، پلەنی سەرکوتی قورس و خوێناویی کۆماری ئیسلامیی پێشبینی کرد و سەبارەت بەو مەترسییە هۆشداری دابوو.
پێشتر، سەرۆکی دەزگای دادوەری، غولامحوسێن مۆحسێنی ئێژەیی هەڕەشەی لە خۆپیشاندەران کردبوو کە ئەمجارە هیچ لێبوردنێک لەئارادا نابێت. بەگوێرەی وتەی جێی نیگەرانیی بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان، هێزە ئەمنییەکان و ئەو دادگایانەی سەردانیان دەکەن ئاگاداریان کردوونەتەوە کە منداڵەکانیان بە تۆمەتی موحاربە دادگایی کراون و سزاکەیان سێدارەیە، هەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا هەنگاو بە جەختکردنەوە لەسەر پێشینەی کۆماری ئیسلامی و کەڵکوەرگرتنی بەرفراوانی لە لەسێدارەدران بە مەبەستی ترساندن و تۆقاندنی کۆمەڵگا، سەبارەت بە بارودۆخی دەستبەسەرکراوان و دەستڕانەگەیشتنی دادپەروەرانەیان بە دۆسیەکانیان و چارەنووسی ئەو هاووڵاتییانە نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت و پێداگری دەکاتەوە کە ناڕازییان مەترسیی جێبەجێکردنی سزای دەستبەجێی سێدارە و تەنانەت دادگاییکردن و لەسێدارەدرانی سەحراییان لەسەرە.
هەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا، بەپێی بەڵگە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ناڕەزاییەکانەوە تا ئێستا زیاتر لە ۲۰ هەزار کەس لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و هێزە ئینتزامییەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستبەسەر کراون.
تا ئێستا ناسنامەی ۸۳۰ کەس لە دەستبەسەرکراوان بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە کە ۱۰۰ کەسیان ژن و ۶۰ کەسیان لە منداڵانی ژێر ۱۸ ساڵ بوون. لانی کەم ۳۵۰ کەس لەو هاووڵاتییانەی ناسنامەیان ئاشکرا کراوە کوردن. هەنگاو جەخت لەوە دەکاتەوە کە ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی بریندار لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
لە هەمان چوارچێوەدا، زانیارییە بەڵگەمەندکراوەکان دەیسەلمێنن کە هێزە حکومەتییەکان دەستدرێژییان کردووەتە سەر ناوەندە دەرمانییەکان.
گەمارۆدان و هێرش بۆ سەر نەخۆشخانەکان، لە دوو نموونەدا لە شارەکانی ئیلام و تاران پێشێلکردنی مافە نێودەوڵەتییە مرۆڤدۆستانەکان و بێبەشکردنی بە ئەنقەستی برینداران لە پێڕاگەیشتنی پزیشکییە؛ کردەوەیەک کە بەشێک لە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دێتە ئەژمار.
هەروەها کۆماری ئیسلامی دوای کوشتنی ژمارەیەک خۆپیشاندەر لە ڕۆژانی ۱۸ و ۱۹ی بەفرانبار، بە مەبەستی سەرکوتکردنی دیجیتاڵ، ئێوارەی پێنجشەممە ۱۸ی بەفرانبار بە پچڕاندنی تەواوی ئینتەرنێت و بەربەست سازکردنی سەخت بۆ پەیوەندیی تەلەفۆنی، بەشێوەی ئامانجدار ڕێگریی لە دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتییان بە زانیاری و پەیوەندیی ئازاد کرد کە بەشێک لەو کردەوە بە سەختی و توندییەکی کەمترەوە، پێشتر لە ناڕەزاییەکانی مانگی خەزەڵوەری ۲۷۱۹ ئەنجام درابوو و سەلمێنەری هەوڵی ڕێکخراوانەی حکومەت بە مەبەستی شاردنەوەی قەبارەی ڕاستیی تاوانەکانی و ڕێگری لە چاودێری و بەرپرسیاربوونەوەی نێودەوڵەتییە. ئینتەرنێت لە ئێران تا کۆتایین کاتژمێرەکانی ڕۆژی هەینی دووی ڕێبەندان بە تەواوی و بۆ ماوەی ۱۵ ڕۆژ پچڕابوو و تا ئێستاش بەشێکی زۆر کەم لە ئینتەرنێت گەڕێندراوەتەوە.
دوای پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندیی تەلەفۆنی، لە مەودای نێوان ڕۆژانی ۲۳ و ۲۴ی بەفرانبار، هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە هێرشکردنە سەر ماڵی هاووڵاتییان لە شارەکانی تاران، بانە، مەریوان، سەڵماس، کەرەج و پیرانشار هەوڵی دیتنەوە و دەستبەسەرداگرتنی ئامێری سەتەلایت و وەرگری ستارلینکیان دەست پێ کردبوو.
هەروەها لە شاری بانە زیاتر لە ۵۰ کەس کە لە سنوورەکانی بانە تێپەڕ دەبوون بە تۆمەتی گواستنەوەی زانیاری لە نێوخۆی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات دەستبەسەر کران و لێپرسینەوەیان لێ کرایەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هەروەها ڕاپۆرتی دڵتەزێنی لە گیلان و بەتایبەت لە شاری ڕەشت پێ گەیشتووە کە باس لە ئاستی توندوتیژی لە ڕەشت، لاهیجان و ئەنزەلی و میلیتاریزەکرانی شارەکانی ئەو ناوچەیە دەکات. هەنگاو هەوڵی لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرتە پەیوەندیدارەکان بە سەرکوتی سەختی هاووڵاتییان لە پارێزگای گیلان و بەتایبەت شاری ڕەشت دەدات.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرکوتکردن لە شەقامەکان تا ڕۆژی یەکشەممە ۲۰ی بەفرانباری ۲۷۲۵ درێژەیان هەبووە و لە ڕۆژی دووشەممەوە کەمتر ناڕەزاییەک لە شارەکان دیتراوە. سەرچاوە جیاوازەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە ئاستی تووڕەیی و شۆکبوونی گشتی کۆمەڵگا سەبارەت بە سەرکوتکارییەکان لە سەرەوەیە و هێزە حکومەتییەکان زۆربەی شارەکانیان بەتایبەت شەوانە لە حاڵەتی حکومەت نیزامیدا ڕاگرتووە.
ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو نیشان دەدەن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە جێگیرکردنی هێزی زۆری نیزامی لە زۆربەی ئەو شارانەی کۆبوونەوەی ناڕەزایییان تێدا بەڕێوە چووە، گەشتی شەوانە بە ئۆتۆمبێلی سەربازیب هەڵگری چەکی دۆشکا و ماتۆڕی هێزە سەربازییەکان هەوڵی ترساندنی خەڵک دەدات و هەروەها بە دانانی خاڵی پشکنین کە لەو ڕێگایەوە مۆبایل و ناوەڕۆکی مۆبایلەکان دەپشکنن، ڕێژەی سەرکوت و میلیتاریزەی هاووڵاتییانی سڤیلی بە سەرترین ئاستی خۆی گەیاندووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای سەختبوونی پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکان لە ڕۆژانی ناڕەزاییە جەماوەرییەکانی ۲۷۲۵ دوای پچڕانی ئینتەرنێت، تەواوی هەوڵی خۆی داوە تا تەنانەت سەرەڕای نەبوونی ئەگەری پشتڕاستکردنەوەی تەواوی ناسنامە و سەرجەم تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی، بتوانێت بە پشتڕاستکردنەوەی لانی زۆری ئاشکراکردنی ناسنامەی کوژراون و هەروەها دەستبەسەرکران و شێوازی سەرکوت و چەوساندنەوەی ناڕازییان لە شارە جیاوازەکان و هەروەها گۆڕینی شێوازی مامەڵەی لەگەڵ هاووڵاتییان دوای پچڕانی ئینتەرنێت، لانی کەم لەو ڕەوتی توندوتیژییەی کۆماری ئیسلامی لە ناڕەزایەتییەکاندا کەڵکی لێ وەرگرتووە ئاگادار بکرێتەوە و بەپێی ڕاپۆرتی بەڵگەمەندکراو تۆماریان بکات و بەدەستی شوێنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکانی بگەیەنێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کەڵکوەرگرتن لە وشەی «شەڕ» بەجێی سەرکوتی تاوانبارانەی ناڕەزاییە جەماوەرییەکانی ۲۷۲۵، بۆ کۆمەڵگای ئێران بە جێی مەترسی دەزانێت و داوا لە کۆمەڵگای مەدەنیی ئێران و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات کە سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ناوبردنی خۆپیشاندانەکان بە «شەڕ» خۆ ببوێرن.
له کۆمەڵێک لە ڕاگەیاندن و هەڵوێستەکانی ڕۆژی هەینی ۹ی جەنیوەریی ۲۰۲۶ (۱۹ی بەفرانباری ۲۷۲۵)، فەراجا، دادستانی تاران، مۆحسێنی ئێژەیی و وەزارەتی ئیتلاعات بە بەکارھێنانی شێوازی وتاری ئەمنی-دادوەری، ڕاستەوخۆ هەڕەشەیان لە خۆپیشاندەران، بنەماڵەکانیان، چالاکانی سیاسی و حیزبە کوردستانییەکانیان کردبوو. فەراجا و دادستانی تاران بە ئاماژەی ڕاشکاوانە بە دەستەواژەی «گرووپە تیرۆریستییەکان»، «کەسانی چەکدار» و تۆمەتی «موحاربە»، ڕێگای یاسایی و پڕۆپاگەندەیان بۆ هەڵسوکەوتی توند لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان کردەوە.
کەڵکوەرگرتنی ئامانجدار لە ناوەڕۆکی وەکوو «کوشتەسازی» و تۆمەتی «موحاربە»، «افساد فی الارض»، «تیرۆریسم» و «جوداییخوازی» سەلمێنەری ویستی حکومەت بۆ پاساوی شەپۆلی کوشتن، گواستنەوەی بەرپرسیارێتیی توندوتیژییەکانی دژ بە خۆپیشاندەران و ڕەواییدان بە سەرکوتی ڕێکخراوانەی خۆی لە داهاتوویدا بوو.
هەنگاو هۆشداری دەدات کە هەرچەشنە وتارێک لە کەشی گشتی و نێودەوڵەتی کە بەکاربردنی وشەی «شەڕ» بەجێی سەرکوتی تاوانبارانە و خوێناویی ناڕەزایەتییەکان بەهێز بکات، شێوازی پەسەندکراوی کۆماری ئیسلامی لە شرۆڤە و کەڵکوەرگرتن لە چەک و هێزی سەربازیی جەنگی بەرانبەر بەو خەڵکەیە کە بەدەستی بەتاڵ و بێ بەرگری و خەباتی ئاشتیخوازانەیان لەپێش گرتبوو.
هەنگاو هۆشداری بە کۆمەڵگای جیهانی دەدات کە، قەبارەی سەرکوتکردنی کۆماری ئیسلامی لە ناڕەزاییەکانی ئەم دواییانەدا تەنیا لەگەڵ شێوازی سەرکوتەکانی لە دەیەی شەستی هەتاوی بەراود دەکرێت، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، کوشتنی بە کۆمەڵ، کوشتنی بە ئەنقەستی منداڵان و مێرمنداڵان، کەڵکوەرگرتن لە گوللە و ئامێری جەنگی لە سەرکوتی ئەو ناڕەزاییانە بەتەواوی پشتڕاست کراوەتەوە و کۆمەڵگای جیهانی بە پێداگری لەسەر بنەمای «بەرپرسیارێتی پاڵپشتی» یان (R2P) بەرپرسە کە لە خەڵکی ئێران بەرانبەر بە هەڵسوکەوتی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی پاڵپشتی بکات.