دووەمین ڕاپۆرتی تایبەتی هەنگاو: ئەشکەنجەی سێکسی لە ڕێگەی لێکۆڵەرانی ژن بۆ پیاوان و لێکۆڵەرانی پیاو بۆ ژنان، هەڕەشەی لەسێدارەدان و دادگا سەحرایییەکان
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەستی بە کۆمەڵێک بەڵگەی هەژێنەر گەیشتووە سەبارەت بە ئەشکەنجەی دەستبەسەرکراوان بەتایبەت گەنجانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥، کە ئاماژە بە بەکارهێنانی لێکۆڵەری ژن بۆ شکاندنی دەروونیی پیاوانی گەنجی دەستبەسەرکراو لە پرۆسەی لێپرسینەوەدا و بەکارهێنانی جیدیی توندوتیژیی سێکسی دژ بە ژنانی دەستبەسەرکراو، هەڕەشەی لەسێدارەدان و دەرکردنی خێرای سزای سێدارە دەکەن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە وتووێژ لەگەڵ چەندین دەستبەسەرکراوی ئەم دواییانەدا، زانیاریی وردی دەستکەوتووە کە ئاماژە بە ڕێگەی نوێ دەکەن بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی خێرا و بەڕێوەبردنی دادگا سەحرایییەکان بەبێ تێپەڕاندنی قۆناغە یاسایییەکان و بە مەبەستی سەرکوتی خێرای ناڕەزایەتییەکان. ئەو دەستبەسەرکراوانەی لەم بارەیەوە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ هەنگاو کردووە تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٣٢ ساڵدایە و لە ڕەگەزی جیاوازن. ئەم کەسانە لە شار و ناوچەی جیاوازەوە پەیوەندییان بە هەنگاوەوە کردووە، لە دەستبەسەرگەی جیاوازدا بوون و هیچ ناسیاوییەک و پەیوەندییەکیان پێکەوە نییە. سەرەڕای ئەوەش، گێڕانەوەکانیان سەبارەت بە سەپاندنی گوشار، هەڕەشەی کوشتن، لەسێدارەدان و هەروەها توندوتیژیی سێکسی و دەروونیی توند بۆ وەرگرتنی دانپێدانان، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر وەک یەکن.
هەنگاو زانیویەتی کە هەندێک لە دەستبەسەرکراوان لە کاتی دەستبەسەریدا لە ناوەندە سەربازییەکاندا ڕاگیراون و هەندێکیان لە ماڵی نیشتەجێبووندا دەستبەسەر کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە. لە هەندێک لەم وتووێژانەدا، چەندین پیاوی گەنج بە هەنگاویان ڕاگەیاندووە کە لێکۆڵەری ژن لە تەنیشت لێکۆڵەرە پیاوەکاندا هەبوون و ئەشکەنجەی دەروونی و سێکسیی توندیان لەلایەن ئەو لێکۆڵەرە ژنانەوە چەشتووە، کە ئەمە لای هەنگاو وەک ڕێگەیەکی نوێی ئەشکەنجەی توند لە کاتی لێپرسینەوەکاندا هەژمار دەکرێت. ئەم لێپرسینەوە و ئەشکەنجە توندانە بەگشتی بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی تەلەڤیزیۆنی و نووسراو لەسەر قورسترین تۆمەتەکان و دۆسیەسازیی ئەمنی بەکار هاتوون. گێڕەرەوەکان بە هەنگاویان وتووە کە لە زۆر حاڵەتدا تا دانپێدانانیان نەکردبا، ئازاد نەدەکران. هەنگاو لەم ڕاپۆرتە تایبەتەدا ئاماژەی ڕاستەوخۆ بە هەندێک لەم گێڕانەوانە دەکات.
یەکێک لە ئازادکراوەکان کە پیاوێکی گەنجە، بە هەنگاوی وتووە: «دوو سێ ڕۆژی یەکەم تەنیا پشکنین و تەواوکردنی زانیارییەکان بوو. دواتر ژمارەی دەستبەسەرکراوەکان بوو بە نزیکەی یەک لەسەر سێ. من دوو لێکۆڵەرم هەبوو؛ لێکۆڵەرێکی ژن و یەکێکی پیاو. لێکۆڵەرە پیاوەکە ڕۆڵی پۆلیسی باشی دەگێڕا و ژنەکە ڕۆڵی پۆلیسی خراپ. گوشاریان بۆ دەهێنام کە بڵێم چەکی گەرمم پێ بووە. هەندێک جار چەکیان دەخستە سەر ناوچەوانم و دەیانگوت تەقە دەکەین. دەیانگوت دەبێ دان بەوەدا بنێیت کە پارەت لە دەزگا دەرەکییەکان وەرگرتووە.»
ئەم کەسە کە خۆی ئەشکەنجەی توندی لەلایەن لێکۆڵەرە ژنەکەوە پێ گەیشتووە دەڵێت: «ڕۆژێکی تەواو بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک، ڕەنگە نزیکەی حەوت کاتژمێر، لەسەر زەوی ڕاکشێندرابووم و بەو شێوەیە لێپرسینەوەم لێ دەکرا. ئەو ژنە ناچاری دەکردم کە سوکایەتی بە گیانبەختکردووانی ئەم ناڕەزایەتییانە بکەم. زۆر شەرم لەوە دەکەم. ئەوان بە تەواوی ڕاهێندرابوون کە ئازاری دەروونیی توندمان بدەن. من بەرگەی هەموو ئەشکەنجەکانم گرت، بەڵام گوشاری دەروونی بۆ سوکایەتیکردن بە گیانبەختکردووەکان ژیانی لێ تاڵ کردم. وێنەی تەرمی کوژراوەکانیان نیشان دەدام و دەیانگوت ئەگەر دانپێدانان نەکەیت چارەنووست وەک ئەمانە دەبێت. ئەو لێکۆڵەرە ژنە چای داخاوی بەسەردا دەڕشتم، لەو حاڵەتەدا کە ڕاکشابووم تفیشی دەکردە ناوچەوانم. منی ڕادەکێشا و پێی دەخستە سەر دەموچاوم. وەک کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ دەکردین. پێش ئازادبوونیشم ناچاریان کردم سوپاسی ئەو ئەشکەنجەدەرە ژنە بکەم.»
ئازادکراوی دواتر کە پیاوێکی گەنجی ١٩ ساڵانە، بە هەنگاوی وتووە: «لە دەستبەسەرگەیەکی گەورەی ناو ماڵدا ڕایانگرتبووین. ژن و پیاویان جیا کردبووەوە. تەنانەت بەپێی تەمەنیش جیایان کردینەوە و مێرمنداڵەکانیان بۆ شوێنێکی دیکە گواستەوە. من سێ لێکۆڵەرم هەبوو، دوو پیاو و ژنێک. ئەو لێکۆڵەرە ژنە زۆر بێبەزەیی بوو. بەردەوام دەیانگوت دەمانکوژن. تەنانەت گوتیان هەواڵی مردنی تۆمان بە بنەماڵەکەت داوە. زۆر شەرم دەکەم بیڵێم، بەڵام ئەو لێکۆڵەرە ژنە گۆرەوییەکەی دەخستە ناو دەمم و دەیگوت دەبێ سوکایەتی بە کوژراوەکان بکەیت. لەبەر ئەمە گەیشتبوومە لوتکەی بێزاری و دەمویست کۆتایی بە ژیانی خۆم بهێنم. وەک ئاژەڵ هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکردین. پەتیکی سێدارەیان دەخستە ملم و دەیانگوت لەسێدارەت دەدەین.»
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە وتووێژ لەگەڵ دەستبەسەرکراوە جیاوازەکاندا زانیویەتی کە کۆماری ئیسلامی لە شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکانی بەفرانباری ئەمساڵدا، ڕێگەی دادگای سەحرایی بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و دەرکردنی سزای خێرا بەکار هێناوە. زۆربەی ئەو کەسانەی لەم بارەیەوە قسەیان بۆ هەنگاو کردووە وتوویانە کە بە گوشاری توندی سێکسی، جەستەیی و دەروونی ناچار کراون دانپێدانانی ڤیدیۆیی قورس دژی خۆیان تۆمار بکەن و هەندێکیان دوای چەند ڕۆژێک بانگی دادگا کراون.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەیاننامە هەڕەشەئامێزەکانی ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباریشدا ڕایگەیاندبوو کە بە چاوی «محارب»، «تیرۆریست» و «سیخوڕی دوژمنانی دەرەکی» سەیری ناڕازییان دەکات و بە خێرایی بە دۆسیەکانیاندا دەچێتەوە. گێڕەرەوەکانی هەنگاو وتوویانە کە لە دانپێدانانەکاندا دەبوو بڵێن کە ماددەی هۆشبەریان بەکار هێناوە، یان لە دەزگا دەرەکییەکان، حیزبەکان، مووساد و میدیاکانی دەرەوەی وڵات پارەیان وەرگرتووە یان مەئموورییەتیان پێ دراوە.
لەم پێوەندییەدا گێڕەرەوەیەکی دیکە کە ژنێکی ٣٢ ساڵانە، بە هەنگاوی گوت: «بە پەت و درێڵ و قولاپی هەڵواسینەوە هاتنە ژوورێ و بە ئاماژە بۆ بنمیچی ژوورەکە گوتیان لەسێدارەتان دەدەین. پێیان گوتم تۆ بۆ مووساد کار دەکەیت. هەروەها دەیانگوت کە لە حیزبەکانی کوردستانەوە پارەت وەرگرتووە. هەوڵێکی زۆر هەبوو کە بە دەرەوەی ئێرانی پێوەست بکەن. ئاوی ساردیان بەسەردا دەڕشتم و زۆر ئەشکەنجەی سێکسییان بەکار دەهێنا. بەردەوام دەنگی ئەو کەسانەم دەبیست کە ئەشکەنجە دەدران. تەنانەت منداڵی ١٢ ساڵانیش لە نێوان دەستبەسەرکراوەکاندا هەبوو. ئەوەندە کەس زۆر بوو نەماندەتوانی قاچەکانمان ڕاکێشین.»
هەنگاو لە ڕێگەی چەندین چاوپێکەوتنەوە زانیویەتی کە دوای دەستبەسەرکردن، بە خێرایی پشکنین کراوە کە ئایا مۆبایلیان پێیە و ئەگەر پێیانە ئایا فیلمی ناڕەزایەتییەکانی تێدایە یان نا؛ ئەگەر مۆبایلیان پێ نەبووبێت بە خێرایی ڕەوانەی دادگای شۆڕش کراون، بەڵام ئەگەر مۆبایل و فیلمیان تێدا بووبێت، لە دەستبەسەرگە فەرمی و نافەرمییەکاندا بۆ وەرگرتنی لێپرسینەوە و دانپێدانان ڕاگیراون و بە سەختی ئەشکەنجە دراون.
هەموو ئەو دەستبەسەرکراوانەی لەگەڵ هەنگاو قسەیان کردووە، دوای چەندین ڕۆژ و هەفتە ئەشکەنجە و دانپێدانان، بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و هەندێکیان بەم زووانە کاتی دادگاییکردنیانە. هەندێکیان وتوویانە مۆبایلەکانیان لای ناوەندە ئەمنییەکان ماوەتەوە و بۆیان نەگەڕاندوونەتەوە.
ئازادکراواێکی دیکە پیاوێکی گەنجی ٢٢ ساڵانە، ئەویش بێئاگایە لە گێڕەرەوەکانی دیکە و بە هەنگاوی وتووە: «من لە ماڵێکی نیشتەجێبووندا دەستبەسەر بووم. نازانم لێکۆڵەرەکانم کێ بوون. زۆریان لێ دام. هەڕەشەیان لێ کردم بەڵام ئەوەی زیاتر لە هەموو شتێک ئازاری دەدام لێکۆڵەرێکی ژن بوو کە ئەشکەنجەی سێکسی دەدام. ناچاری دەکردم پێی ماچ بکەم. سوکایەتیی پێ دەکردم و تانە و تەشەری توندی دەدا. چەندین جار ناچاری کردم پێی ماچ بکەم. تەنانەت پانتۆڵەکەشیان داکەندم و هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسییان لێ کردم.»
هەندێک لەو دەستبەسەرکراوانەی پەیوەندییان بە هەنگاوەوە کردووە ڕایانگەیاندووە کە پێش ئەوەی ئەزموونەکانی خۆیان بۆ ئەم ڕێکخراوە بگێڕنەوە، ویستوویانە کۆتایی بە ژیانی خۆیان بهێنن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هۆشداری دەدات سەبارەت بە بەکارهێنانی بەربڵاوی توندوتیژیی سێکسی لەم خولەی دەستبەسەرکردنەکاندا و دۆخی دەروونیی دەستبەسەرکراوان بە مەترسیدار دەزانێت و داوا لە کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە هەوڵی خێرا بدەن بۆ ئەوەی دەروونناسان دەستیان بەم کەسانە ڕابگات.
بەپێی دۆزینەوەکانی هەنگاو، کۆماری ئیسلامی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥دا بە دەستبەسەرکردنی بەربڵاو و بەکارهێنانی ڕێگەی نایاسایی (تەنانەت بەپێی یاساکانی خۆشیان) و بەکارهێنانی زۆرترین جۆرەکانی ئەشکەنجە لە دەستبەسەرگەکاندا کە هەندێکیان شوێنەکانیان نادیارە و مەئموورەکانیان پارێزبەندیی یاسایییان هەیە، خەریکی ئەنجامدانی تاوانێکی گەورەتر و بەربڵاوترە.
بەپێی ئامار و بەڵگەنامەکانی ناوەندی ئاماری هەنگاو، لە سەرەتای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانەوە تا ئێستا زیاتر لە چل هەزار هاووڵاتی لە شارە جیاوازەکاندا دەستبەسەر کراون کە تا ئێستا ناسنامەی ٢٥٠٠ کەسیان بۆ هەنگاو پشتڕاست کراوەتەوە، لە نێویاندا ١٨٦ ژن و ٢١٨ منداڵی خوار ١٨ ساڵ هەیە. هەروەها هەنگاو تا ئێستا ناسنامەی ١٢٧٠ گیانبەختکردووی ئەم ناڕەزایەتییانەی پشتڕاست کردووەتەوە کە ١٢٥یان ژن و ٩٣یان منداڵی خوار ١٨ ساڵن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هۆشداریی جیدی دەدات سەبارەت بە بێدەنگی و ناڕوونیی دەزگای دادوەریی ئێران لەسەر ژمارە، ناو و شوێنی دەستبەسەرکراوان، هەروەها بەکارهێنانی ئەشکەنجەی جەستەیی، دەروونی و سێکسی بۆ شکاندنی ناڕازییان کە زۆربەیان گەنج و بێئەزموونن، و گوشاری سەر بنەماڵەکان بۆ بڵاونەکردنەوەی زانیاری. داواش لە بنەماڵە و هاوڕێیانی دەستبەسەرکراوان دەکات کە هەواڵی دەستبەسەرکرانی ئازیزانیان بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕابگەیەنن