شەرمەزارکردنی وەرنەگرتنی برینداران و پێشێلکردنی بەرچاوی مافی ژیان لەلایەن نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستانەوە لە ئەنجامی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا

٢٦ خاکەلێوە ٢٧٢٦، ٢٢:٠٢

 

شەوی سێشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (١٤ی نیسانی ٢٠٢٦)، "غەزاڵ مەولان" کچە گەنجی ئەندام و پێشمەرگەی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، بەهۆی سەختیی برینەکانی لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر ئۆردوگاکانی ئەو حیزبە لە ناوچەی "سوورداش"ی پارێزگای سلێمانی و بەهۆی وەرنەگرتنی لەلایەن ناوەندە تەندروستییەکانەوە بۆ چارەسەری سەرەتایی، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئەو زانیارییە باوەڕپێکراو و پشتڕاستکراوانەی گەیشتوونەتە دەست هەنگاو و بە وتەی ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە کاتژمێرە سەرەتایی و چارەنووسسازەکانی دوای برینداربوونی، غەزاڵ مەولان گەیەندراوەتە چەندین ناوەندی تەندروستیی حکوومی و کەرتی تایبەت لە شاری سلێمانی. بەڵام بەڕێوەبەریی ئەو ناوەندانە بە بیانووی "نیگەرانی لە بەردەوامیی هێرشە درۆنی و موشەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران"، لە وەرگرتن و پێشکەشکردنی چاودێریی پزیشکیی تایبەت بەو بریندارە خۆیان پاراستووە.

هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە ئەم خۆدزینەوەیە نموونەی ڕوون و زەقی پێشێلکردنی "مافی ژیان" و لادانە لە سوێندی پزیشکی و کۆنفرانسی نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە مافی نەخۆش. بەپێی ستانداردەکانی مافی مرۆڤ، کەمتەرخەمی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە زیندووەکان بە برینداران لە بارودۆخی شەڕ یان نیمچە شەڕدا، نەک هەر سەرپێچییەکی پیشەییە، بەڵکوو لە زۆرێک لە یاسا و دادگاکاندا وەک هەڵسوکەوتێکی تاوانکارانە ئەژمار دەکرێت و شیاوی بەدواداچوونی یاساییە.

وەرنەگرتنی غەزاڵ مەولان لەلایەن ناوەندە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی، جیا لە پێشێلکردنی ماددەی ١٢ی یەکەمین کۆنفرانسی جنێف سەبارەت بە پێویستیی پاراستنی بێ ئەملاو ئەولای برینداران، لەگەڵ ماددەی ٧ی پرۆتۆکۆڵی پاشکۆی دووەم (١٩٧٧)شدا لە دژایەتییەکی ئاشکرادایە. ئەم بڕیارە بە ڕاشکاوی جەخت دەکاتەوە کە دەبێ سەرجەم بریدندارەکان بەبێ هیچ جیاکارییەک، چاودێریی پزیشکییان بۆ بکرێت. پاساو هێنانەوە بە "ترس لە هێرشی سەربازی" بۆ وەرنەگرتنی نەخۆش، نەک هەر هیچ رەواییەکی یاسایی و ئەخلاقی نییە، بەڵکوو بە پێشێلکردنی ئەسڵی بێلایەنیی پزیشکی دادەنرێت. هیچ تێبینییەکی ئەمنی یان سیاسی ناتوانێت لەم بارودۆخەدا لە پێشینەیی ژیانیی "مافی تەندروستی" و "مافی ژیان" کەم بکاتەوە.

ئەم هێرشەی کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی غەزاڵ مەولان و برینداربوونی دوو پێشمەرگەی دیکە، لەکاتێکدایە کە تەنیا ٨ ڕۆژ بەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکادا تێپەڕیبوو. سوپای پاسداران بە پێشێلکردنی ئاشکرای ئەم ڕێککەوتنە، هێرشی هاوکاتی بە درۆنی خۆکوژ بۆ سەر بارەگاکانی "حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان" و "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)" ئەنجام داوە کە ئەم هێرشانە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردووشدا بەردەوام بوون.

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای گرژییە ناوچەییەکانی ئەم دواییەوە:

سوپای پاسداران لانی کەم ١٧١ جار بارەگا و کەمپەکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج.

لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا، ٦ پێشمەرگەی حیزبەکانی کوردستانی ئێران گیانیان لەدەست داوە و لانی کەم ٣٥ پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.

هۆشداری و بانگەوازی یاسایی

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای شەرمەزارکردنی توندی ئەم هێرشانە و هەڵسوکەوتی  نامرۆڤانەی ناوەندە تەندروستییەکان، ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕادەگەیەنێت:

١. پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانی: هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، پێشێلکردنی ڕاشکاوی ئەسڵی "قەدەغەی پەنابردنە بەر هێز" (ماددەی ٢ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان) و دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی خاکی وڵاتی عێراق.

٢. ئاسایشی پەنابەران: خۆدزینەوە لە چارەسەرکردنی برینداران، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ گیانی هەزاران کورد و چالاکی سیاسیی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان کە لەم بارودۆخە ناسەقامگیرەدا، لە کەمترین ئاستی ئاسایشی گیانی و تەندروستی بەهرەمەندن.

٣. بەرپرسیارێتیی حکوومەتی هەرێم: هەنگاو داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەکات لێکۆڵینەوەی یاسایی سەبارەت بە وەرنەگرتنی غەزاڵ مەولان لەلایەن نەخۆشخانەکانەوە ئەنجام بدەن و ئەنجامەکەی بۆ ڕای گشتی بڵاو بکەنەوە.

٤. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی: ئێمە داوا لە میکانیزمەکانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی جیهانی دەکەین بە هەڵوێستی توند، ڕێگری بکەن لەوەی خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ سەربازییەکان و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی پەنابەرانی سیاسی.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ٢٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە