پاوە؛ کوژران و برینداربوونی چوار ئەندامی سوپای پاسداران
هەنگاو؛ سێشەممە ٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
لە ئەنجامی هێرشکی چەکداریدا کە گرووپێکی تازە دامەزراو بە ناوی «خۆری هیوا» بەرپرسیارێتییەکەی گرتووەتە ئەستۆ، لانی کەم دوو چەکداری سەر بە هێزەکانی سوپای پاسداران (جاش) لە شاری پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوەکانی خالید خالیدی و بورهان کریسانی کوژران و دووی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی دووشەممە ٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (٢٨ی ژوائەنی ٢٠٢٦)، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا لە گەڕەکی میرئاوای شاری پاوە، دوو کەس لە هێزەکانی سوپای پاسداران کە لە کوردستان بە "جاش" ناسراون، بە ناوەکانی خالید خالیدی و بورهان کریسانی کوژران.
هەر لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا، دوو چەکداری دیکەی سوپای پاسداران بە ناوەکانی کامیل شەبرەنگ ناسراو بە کەمال هەجیجی و کەماڵ عەبدی بە سەختی بریندار بوون؛ هەنگاو زانیویەتی کە بارودۆخی تەندروستیی کامل هەجیجی ناجێگیرە و ئێستا لە دۆخی کۆمادایە.
گرووپی تازە دامەزراوی «خۆری هیوا» بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی فەرمی، بەرپرسیارێتیی ئەم ئۆپەراسیۆنە و کوشتنی ئەم دوو ئەندامەی سوپای پاسدارانی گرتووەتە ئەستۆ. لە بەشێکی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە، خالید خالیدی لە کاتی ”بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی“دا ڕۆڵێکی بەرچاوی لە سەرکوت، کوشتن و کۆمەڵکوژیی گەنجان لە شاری جوانڕۆدا هەبووە.