یەرەکە ناسنامەی چوار گەریلای گیانبەختکردووی خۆی لە مەهاباد ڕاگەیاند
هەنگاو؛ شەممە ١٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە)، باڵی سەربازیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی فەرمی ناسنامەی چوار گەریلای خۆی ڕاگەیاند کە لە ئەنجامی پێکدادانی حەفتەی ڕابردووی مەهاباد لە نێوان ئەم هێزانە و هێزەکانی سوپای پاسداران گیانیان بەخت کردبوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ شەممە ١٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (٤ی جولای ٢٠٢٦)، دوای تێپەڕبوونی حەفتەیەک، (YRK) بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی فەرمی ڕایگەیاند کە لە ئەنژامی پێکدادانی ڕۆژی یەکشەممەی حەفتەی ڕابردوو لە بەرزاییەکانی "شارستێن"ی مەهاباد، چوار گەریلای ئەم حیزبە گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی ئەم بەیاننامەیە، ناسنامەی ئەم چوار گەریلایە کە دووانیان ژنن، بەم شێوەیە ڕاگەیەندراوە: زارین ئاکباش خەڵکی باکووری کوردستان ، پەرەستوو سەفاییپوور خەڵکی مەریوان، خەلیل چیچەک خەڵکی شاری مووشی باکووری کوردستان و ڕەسووڵ یەگانە خەڵکی شاری خۆی.
پێشتر فەرماندەیی یەرەکە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕوودانی ئەم پێکدادانەی لە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی جۆزەردان (٢٨ی ژوئەن) پشتڕاست کردبووەوە. لە لایەکی دیکەوە، دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بڵاوکردنەوەی هەندێک وێنە و بە پشتبەستن بە بەیاننامەی قەرارگای هەمزەی سوپای پاسداران، بانگەشەی تێکشکاندنی ئەم تیمە و گیانبەختکردنی چوار لە هێزەکانی لایەنی شەڕەکەی کردبوو. لە ڕاپۆرتی میدیا فەرمییەکانی ئێراندا، وێنەی تەرمی ئەم چوار گەریلایە بڵاو کراوەتەوە کە نیشان دەدات تەرمەکانیان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.