ژمارەی کوژراوانی پێکدادانەکەی بازگەی دەروازەی شاری بانه گەیشتە ٣ کەس
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
دوای مردنی یەکێکی دیکە لە بریندارانی پێکدادانە چەکدارییەکەی دەروازەی شاری بانە بە ناوی ئەفشین فەتحی لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری سنە، ژمارەی کوژراوانی ئەو پێکدادانە چەکدارییە بۆ ٣ کەس بەرز بووەوە. هەنگاو پێشتر هەواڵی پێکدادانی نێوان هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) و هێزە حکوومەتییەکانی لە بانە بڵاو کردبووەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (١ی جولای ٢٠٢٦)، یەکێک لە بریندارەکانی پێکدادانەکەی بازگەی بانە بە ناوی «ستوان سێیەم ئەفشین فەتحی»، خەڵکی شاری بیجاڕ، بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە گیانی لەدەست دا.
ئێوارەی هەینی ٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٦، لە دەروازەی شاری بانە و لە بازگەی بانە بۆ سەقز، پێکدادانێکی چەکداریی قورس لە نێوان هێزەکانی «یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (YRK)» (باڵی سەربازیی پژاک) و هێزە ئینتزامییەکان هاتە ئاراوە.
بە ئەژمارکردنی ئەم کەسە، ژمارەی کوژراوانی حکوومەتی لەم پێکدادانەدا بۆ سێ کەس بەرز بووەوە کە ناوەکانیان بەم شێوەیەیە: ئەفشین فەتحی خەڵکی بیجاڕ و موحەممەد حوسێنبەیگی خەڵکی قوروە که هەر دوویان کادیری بوون و ماردین ئەحمەدی، سەربازی زۆرەملێی خەڵکی سەقز.
بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، لە کاتی ئەم پێکدادانەدا لانی کەم دوو چەکداری دیکەی حکوومەتی و هەروەها هاووڵاتییەکی مەدەنی کە لە کاتی تێپەڕبوون لە هێڵی بازگەکەدا بووە، بریندار بوون.