ڕاپۆرتی هەنگاو لە سەر بەرزبوونەوەی ژمارەی پێشمەرگە گیانبەختکردووەکان بۆ ٩ کەس لە ئەنجامی هێرشی هاژەکیی سوپای پاسداران بۆ سەر یەکێک لە بنکەکانی کۆمەڵە
هەنگاو؛ هەینی ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
لە دوای هێرشە قورسە هاژەکی و درۆنییەکانی ئەمڕۆی سوپای پاسداران بۆ سەر یەکێک لە بنکەکانی حیزبی کۆمەڵەی شڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە بەرزاییەکانی گوندی "زڕگوێز"ی سلێمانی، ژمارەی پێشمەرگە گیانبەختکردووەکان بۆ ٩ کەس بەرز بووەوە. لەبەر سەختیی دۆخی بریندارەکان و بێسەروشوێنبوونی دوو پێشمەرگەی دیکە، ئەگەری بەرزبوونەوەی دووبارەی ژمارەی قوربانییانی ئەم هێرشە لە ئارادایە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٦، یەکێک لە بنکەکانی حیزبی کۆمەڵە لە بەرزاییەکانی گوندی «زڕگوێز» سەر بە پارێزگای سلێمانی، بە شەش مووشەک و درۆنی خۆکوژ لەلایان سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کرایە ئامانج.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، چەند کەسێک لەو کەسانەی لە کاتی ئەم هێرشەدا گیانیان لەدەست داوە لەوانە سێ گەنجی تەمەن ١٧ ساڵ هێشتا بە فەرمی نەچوونەتە ڕیزی پێشمەرگەوە و لە بەشی وەرگرتنی ئەم حیزبەدا بوون.
ناسنامەی ٩ پێشمەرگە کە لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا گیانیان بەخت کردووە بە شێوەیەی خوارەوە لەلایان هەنگاوەوە پشتڕاست کراوەتەوە:
١. سیاوان نیکخا، تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی بۆکان
٢. کەسرا ڕەحماننژاد، تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی بۆکان
٣. سرووش نەسری، تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی مەریوان
٤. سینا سەفەری، تەمەن ١٨ ساڵ، خەڵکی شاباد
٥. یاسین کیانپوور، تەمەن ٢٢ ساڵ، خەڵکی شازەند
٦. زەکەریا فەقێ حەسەن ئاغا، تەمەن ٢٣ ساڵ، خەڵکی بۆکان
٧. ڕەزا سادقی، تەمەن ٣٢ ساڵ، خەڵکی بۆکان
٨. ئەحمەد مەحموودی، تەمەن ٣٣ ساڵ، خەڵکی بانە
٩. فەرهاد قەمەری، تەمەن ٥٣ ساڵ، خەڵکی دیواندەرە
سەرچاوەکانی هەنگاو لە سلێمانی پشتڕاستیان کردووەتەوە کە لە کاتی ئەم هێرشەدا دوو پێشمەرگەی دیکە بە سەختی بریندار بوون کە دۆخی جەستەیی یەکێکیان زۆر ناجێگیر ڕاگەیندراوە. هەروەها دوو پێشمەرگە لەوانە ژنە پێشمەرگەیەک هێشتا بێسەروشوێنن و هەوڵەکان بۆ لابردنی داروپەردوو و دۆزینەوەیان لە ئارادایە.
دەستدرێژیی سەربازیی بەردەوامی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، بریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا دایە بۆ قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان و بە ئامانج کردنی بنکەکانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان ، پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەریی نیشتمانیی عێراق، یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی دراوسێیەتییە. ئەم هێرشە سیستماتیکانە، گیانی پەناخوازە سیاسییەکان و چالاکوانانی کورد کە بەپێی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان شایانی پاراستنن، بە توندی خستووەتە مەترسییەکی جدییەوە.