هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و گیانبەختکردنی دوو ژنە پێشمەرگە و هاووڵاتییەکی مەدەنی

٢٨ خاکەلێوە ٢٧٢٦، ٢١:٣١

هەنگاو؛ هەینی ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦

لە ئەنجامی هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لە قووڵاییی خاکی هەرێمی کوردستان، دوو ژنە پێشمەرگە بە ناوەکانی ندا میری و سەمیرا ئەڵڵایاری و هاووڵاتییەکی سڤیل بە ناوی شاهین ئازەربەرزین گیانیان بەخت کرد و دوو پێشمەرگەی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (١٧ی ئاڤریلی ٢٠٢٦)، هێزەکانی سوپای پاسداران لە کردەوەیەکی هەماهەنگدا، بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچە شاخاوییەکانی شاری خەلیفان و هەروەها بارەگای مەدەنیی جەژنیکان (یەکێک لە بارەگاکانی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی ئەم حیزبە) لە نزیک هەولێر، کردە ئامانجی هێرشی درۆنی خۆکوژ و موشەکی.

لە ئەنجامی هێرشە موشەکییەکان بۆ سەر بەرزایییەکانی کێوی "ئالانە" لە نزیک خەلیفان، دوو ژنە پێشمەرگە بە ناوەکانی ندا میری خەڵکی سنە و سەمیرا ئەڵڵایاری تەمەن ٢١ خەڵکی دیواندەرە گیانیان بەختکردووە. هاوکات و لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر بارەگای جەژنیکان، پێشمەرگەیەک بە ناوی نادر ئازەربەرزین خەڵکی پیرانشار بە توندی بریندار بووە و کوڕەکەی بە ناوی شاهین ئازەربەرزین تەمەن ١٧ ساڵ گیانی لەدەستداوە. هەروەها دۆخی تەندروستیی نادر ئازەربەرزین ناجێگیرە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای شەرمەزارکردنی بەئامانجگرتنی شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکان و کەسانی سڤیل، ئەم کارە وەک نموونەی بەرچاوی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی هەرێمی کوردستان دەزانێت.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە