بجنۆرد؛ سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر زەهرا ڕەببانی هاووڵاتیی تەمەن ۱۸ ساڵی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبەر

٢٨ گەلاوێژ ٢٧٢٦، ٢١:١٤

هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۸ی گەلاوێژی ۲۷۲۶

زەهرا ڕەببانی، هاووڵاتیی تەمەن ۱۸ ساڵی کورد و خەڵکی بجنۆرد و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبەری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ۱۵ مانگ و دوو ڕۆژ بەندکرانی و دانی سزای نەقدیی بەسەردا سەپێندرا.ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا تەمەنی ۱۷ ساڵ بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، زەهرا ڕەببانی، تەمەن ۱۸ ساڵ و خەڵکی بجنۆرد لەلایەن لقی ۱۰۷ی دادگای سزاکانی دووی بۆجنۆردەوە سەرجەم سزای پازدە مانگ و دوو ڕۆژ بەندکران و دانی شەش ملیۆن تمەن سزای نەقدیی بەسەردا سەپێندرا کە حوکمی ۷ مانگ و ۱۶ ڕۆژ لەم بڕە بەندکرانە بۆ ناوبراو جێبەجێ دەکرێت.

ناوبراو بە تۆمەتی «ئەنجامدانی تاوانی کۆبوونەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی ناوخۆیی وڵات» لە ڕێگەی ئامادەبوون لە ناڕەزایەتییەکاندا سزای ۷ مانگ و ۱۶ ڕۆژ بەندکران لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردە، بە تۆمەتی «دروستکردنی کەرەستەی تەقەمەنی» سزای ۷ مانگ و ۱۶ ڕۆژ بەندکرانی لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردە و دانی یەک ملیۆن تمەن سزای نەقدی وەک یەک تا دوو بەرانبەری بەهای کەرەستە تەقەمەنییەکان و بە تۆمەتی «هەڵگرتن و دابەشکردنی کەرەستەی تەقەمەنی» سزای چوار ملیۆن تمەن سزای نەقدی و یەک ملیۆن تمەن وەک یەک تا دوو بەرانبەری بەهای کەرەستە تەقەمەنییەکان بە ئەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەرکرانی بەسەردا سەپێندرا کە قورسترین سزا بۆ ناوبراو جێبەجێ دەکرێت.

جێگای ئاماژەیە کە، زەهرا ڕەببانی ۱۴ی بەفرانبەر بۆ ناوەندە ئەمنیەکان بانگ کرابوو و سەبارەت بە بەشدارینەکردن لە کۆبوونەوەکاندا بەڵێننامەی لێ وەرگیرابوو و ۱۵ی بەفرانبەر لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و پاش ۴۵ ڕۆژ لە دەستبەسەرکران ئازاد کرا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە