ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکردنی سێ ئەندامی بنەماڵەیەک لەوانە منداڵێک لە دیواندەرە

٢ خەرمانان ٢٧٢٦، ٢٠:٣٠

هەنگاو؛ دووشەممە ٢ی خەرمانانی ٢٧٢٦

سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی کورد لەوانە ژنێک و منداڵێکی تەمەن شازدە ساڵ بە ناوەکانی مەریەم مورادیان، سیرووس حەمیدی و کوردیا حەمیدی (کچی ئەم ژن و مێردە)، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەرکران و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ (١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٦)، مەریەم مورادیان، سیرووس حەمیدی و کوردیا حەمیدی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە یەکێک لە گوندەکانی دیواندەرە بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کراون.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، سیرووس حەمیدی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە و کوردیا و دایکی دوای دەستبەسەرکردنیان بۆ ژووری تاکەکەسیی بەشی ژنانی ئەم بەندیخانەیە گواستراونەتەوە.

شایانی باسە کە کوردیا حەمیدی دوای چوار ڕۆژ لە بەندیخانە ئازاد کراوە، بەڵام دایک و باوکی تا ئێستا لە دەستبەسەریدا ماونەتەوە و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەش کراون.

تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، تۆمەتە پاڵدراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و گوزەرانی ئەم هاووڵاتییانە لەبەردەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە