ڕوانسەر؛ کۆبوونەوەی هێزەکانی سوپا بە ئامادەبوونی کورووش ئاسیابانی هاوکات لەگەڵ قەدەغەکردنی هاتووچۆ لە سنوورەکانی کوردستان

٢٨ پووشپەڕ ٢٧٢٦، ١٥:٥١

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٦

لە درێژەی توندکردنەوەی ڕێوشوێنە ئەمنی و میلیتاریزەکردنی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، ڕاپۆرتەکان باس لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی گەورەی شاری سەربازی لە ڕوانسەر بە ئامادەبوونی فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و دواتر ناردنی کاروانی بەرفراوانی سەربازی بە چەکی قورسەوە بەرەو میحوەرە سنوورییەکانی پاوە دەکەن. هاوکات، ئۆرگانە حکومەتی و سەربازییەکان بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک، ناوچەی سنوورییان بە ناوچەی قەدەغەکراو ڕاگەیاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (٢٠ی جولای ٢٠٢٦)، کۆبوونەوەیەکی گەورە لە بنکەی سوپای پاسداران لە شاری ڕوانسەر بەڕێوە چوو. ئەم کۆبوونەوەیە بە ئامادەبوو و وتاردانی کورووش ئاسیابانی، فەرماندەی قەڕارگای ناوچەیی نەجەف ئەشرەف سوپای پاسداران لە ڕۆژاوای ئێران، و بە بەشداریی بەرفراوانی هێزە فەرمییەکانی سوپا، بەسیج و هێزە چەکدارە خۆماڵییەکان (ناسراو بە جاش) پێکهێنرا.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، دەستبەجێ دوای کۆتاییهاتنی ئەم کۆبوونەوەیە، کاروانێکی گەورەی هێزەکانی ژێر فەرمانی سوپای پاسداران، کە بە چەکی قورس و نیوەقورس چەکدار کرابوون، لە ڕوانسەرەوە بەرەو شارۆچکەی «قۆری قەڵا» نێردران.

سەرچاوە خۆماڵییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە مەبەستی کۆتایی ئەم هێزانە بە ئەگەرێکی زۆرەوە هێڵە سنوورییەکانی شاری پاوە و ناوچەی سنووریی نەوسوودە.

هاوکات لەگەڵ ئەم جووڵە سەربازییانە، هەنگی سنووری بە دەرکردنی ئاگادارییەکی فەرمی و هۆشدارییەک، هەر جۆرە هاتووچۆ، ئامادەبوون یان چالاکیی هاووڵاتییان و دانیشتووانی خۆجێیی لە ناوچەی سنووری و ناوچە قەدەغەکراوەکاندا بە توندی قەدەغە کردووە. لەم ڕاگەیەندراوەدا بە بیانووی «پاراستنی ئەمنییەتی گشتی و خۆپاراستن لە مەترسییە ئەگەرییەکان»، داوا لە خەڵکی ناوچەکە کراوە کە لە نزیکبوونەوە لە هێڵە سنوورییەکان خۆیان بەدوور بگرن.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە