پیرانشار؛ گیانبەختکردنی پێنج پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات لە ئەنجامی پێکدادانێکی سەربازی لەگەڵ هێزەکانی سوپا
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١١ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
لە ئەنجامی پێکدادانە چەکدارییەکانی شەوی ڕابردوو لە ناوچە سنوورییەکانی پیرانشار کە هەنگاو پێشتر هەواڵەکەی بڵاو کردبووەوە، پێنج پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) کە لە بەرزاییەکانی پیرانشار کەوتبوونە بۆسەی هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە، گیانیان بەخت کرد. تەرمی ئەم پێنج پێشمەرگەیە لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی چوارشەممە ١٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (١ی جولای ٢٠٢٦)، تیمێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات لە بەرزاییەکانی کوێستانی «قزقاپان»ی سەر بە شاری پیرانشار، کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی بنکەی حەمزەی سوپای پاسداران و پێکدادانی چەکداری هاتووەتە ئاراوە و ئەم پێنج پێشمەرگەیە گیانیان بەخت کردووە.
ناسنامەی ئەم پێنج پێشمەرگە گیانبەختکردووە کە بریتین لە: توانا عوسمانی، محەممەد گەرگوولی، کارۆ هورمزیاری، فەردین چەنگیزی و عەبدوڵڵا حاجی عەبدوڵڵا کە سەرجەمیان خەڵکی پیرانشار بوون، بۆ هەنگاو پشتڕاست کراوەتەوە.
قەرارگای حەمزەی سوپای پاسداران ئەمڕۆ پێنجشەممە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی فەرمی و وێنەی تەرمی ئەم پێنج پێشمەرگەیە، هەواڵی ئەم پێکدادانەی بڵاو کردەوە. سەرەڕای ئەمەش، تا کاتی ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) هیچ بەیاننامە یان ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بۆ پشتڕاستکردنەوە یان ڕەتکردنەوەی وردەکارییەکانی ئەم پێکدادانە بڵاو نەکردووەتەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوە، پێکدادانێکی چەکداریی دیکەش لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت تۆمارکرابوو کە هەنگاو هێشتا خەریکی لێکۆڵینەوە لە ڕەهەندەکان، بەڵگەکان و ئاماری زیانە گیانییەکانی ئەو پێکدادانەیە.